نوێترین زانیاری سەبارەت بە بكوژی سێوان قادرو منداڵه‌كانی

لڤین:

کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی ١٦ / ١٢ / ٢٠١٨، له ‌گه‌ڕه‌كی ئاسووده‌ی قەزای چه‌مچه‌ماڵ سێوان قادری ٢٣ ساڵ و هەر سێ منداڵەکەی بە ناوەکانی لارین دیار، ته‌مه‌ن دوو ساڵ، دارین دیار، ته‌مه‌ن پێنج ساڵ و ده‌روون دیار، ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیاندا سووتان. کاتی رووداوەکە هه‌رسێ منداڵه‌كە راستەوخۆ گیانیان له‌ده‌ستدا و جەستەی سێوانیش بە رێژەی ٩٠٪ سووتا و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سووتاوی لە سلێمانی کرا. ھەر بەو ھۆیەشەوە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ / ١٢ / ٢٠١٨ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەست دا. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەش، نیگەرانییەکی تەواو خەڵکی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەڕادەیەک کە بەشێکیان ھاوسەری سێوان قادریان لەم بابەتە بە تۆمەتبار دەزانی و بەشێکیشیان بەپێچەوانەوە بەرگرییان لە ھاوسەرەکە دەکرد.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ / ١٢ / ٢٠١٨، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: “ھاوسەری سێوان قادر و ئافرەتێک بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراون”.

سامی ساتی  پارێزەری ئەو ژنەیە کە لەسەر کەیسى سوتانی سێوان قادر و منداڵەکانى دەستگیرکرابوو لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، لەسەر سکاڵای ماڵی سێوان، ئەو ژنە دەستگیرکراوە و تۆمەتبارکراوە بەوەى پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ دیار (هاوسەری سێوان) هەبووە و دەستى لە تاوانەکەدا هەبووە.

ڕۆژی دووشەمە، ٢٢ / ٤ / ٢٠١٩ ، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەو ژنە دەرکرد کە لەسەر کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی دەستگیر کرابوو.

ئەمڕۆ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ دادگای تەمیز بڕیاری لەسێدارەدانی هاوسه‌ری سێوان قادر و منداڵه‌كانی په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی سزای له‌سێداره‌دان له‌هه‌رێمی كوردستان، چاوه‌ڕێده‌كرێت سزای هاوسه‌ره‌كه‌ی سێوان قادر بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی بگۆڕدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ / ٤ / ٢٠٢١ کۆساڵان حەمە موراد پارێزەری کەیسی سێوان و منداڵەکانی بە میدیاکانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانییەوە ئاگادارکراینەوە کە دادگای تەمیز بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ هاوسەرەکەی سێوان قادر پەسەندکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە ” لە ئێستادا بڕیاری لە سێدارەدانەکە چاوەڕوانی ئیمزای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە ئەگەری ئیمزاکردنی کەیسەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت”.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button