سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ئەم ماوەیە

یەکەم: کوشتن و کاری خۆکوژی لە دنیای ئێمەدا بووە بە دیاردە. ئەمەش تەنها کوشتن لەسەر شەرەف ناگرێتەوە، کوشتنی پێچەوانە، ژن بۆ پیاو کوڕ بۆ باوک و برا بۆ مام و زاوا بۆ خەزور و بوونی کاری خۆکوژی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە کوردستان خەریکە بەرەو جۆرێک لە مەرگی دەستەجەمعی دەڕوات و ئەگەر ڕێگەی دروست بۆ ئەم جۆرە کردەوانە دانەنرێ، چاوەڕێی ڕووداو و کردەی کوژی زیاتری لێ دەکرێ.

دووەم: بە دەرەجەی یەکەم دەسەڵات بەرپرسە لەم توندوتیژییانە. زۆرینەی پیاوکوژەکان و لێدوان لە قوربانیەکان دەریانخستووە کە پیاوکوژەکان ناوی دەسەڵات دەهێنن و چەکدار بوون، ئەوانیشیا دەسگیر دەکرێن و کەیسەکەیان ون دەکرێ یان لە ژێر عەبای دەسەڵاتدا خۆیان مەڵاس داوە و دەسەڵات داڵدەی چەقۆکێشەکان دەدا و حزب پێویستی بە چەقۆکێشە نەک خوێندەوار و چالاکی مەدەنی. خراپترین وشەیەک کە گوێمان لێ دەبێ ئەوەیە کە دەڵێن” ڕووداوی کۆمەڵایەتی”، بەم قسەیە دەسەڵات خۆی لە بەرپرسیاری دەدزێتەوە و کە دڵنیاین ڕووداوی کۆمەڵایەتی ڕیشەکەی لە بێیاسایی و خراپی باری ئابووریدایە کە بێگومان دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسیارە.

سێیەم: هەموو ئەم کردە خۆکوژی و کوشتن و تاوانانە دەرخەری بێئومێدیەکی گەروەیە لە دنیای ئێمەدا کە نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن، نە پیاوی ئاینی و نە ڕۆشنبیر و نە ڕێکخراوو و چالاکوان، توانای کۆنترۆڵکردن و سڕینەوەی ئەم بێئومێدیەیان نیە و هەم لای بکوژ و هەم لای کوژراو جۆرێک هەڵهاتن لە دنیای ئێمە بەدی دەکرێ، بەجۆرێک کە زۆرینەی خەڵکی کورستان هیچ ئومێدێکیان نیە بەوەی دنیای ئێمە باشتر و سبەینێمان ڕۆشنتربێت.

چوارەم: زمانی بەڕۆژووی موسوڵمانان و هاتنی مانگی ڕەمەزان دەستی نەبوو لە کەمکردنەوەی توندوتیژی لە دنیای ئێمەدا. بە بێ ئامار دەزانین زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی کورستان موسوڵمانن و لەم مانگەدا زمانیان بەڕۆژووە، ئەی ئەم هەموو تاوانە چیە ڕوو دەدات کە کەسی تاوانبار و بێتاوان کوڕی دنیایەکی تر نین و لەودیو سنورەوە نەهاتوون، بەڵکو کوڕی کۆمەڵگەی ئێمەن و سەر بەم دنیایەن کە خاڵیە لە ڕۆحانیەت و نە ڕەمەزان و نە زمانی بەڕۆژوو چرکەساتێک نەیتوانی دنیای ئێمە لە توندوتیژی خاڵی بکاتەوە.

پێنجەم: میدیای ئێمە میدیایەکی تەواو بێ بەرپرسیارە و ڕۆڵی داعش دەبینێت لە گواستنەوەی تاوان و توندوتیژی بۆ ناو ماڵەکانمان. لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا توندوتیژی هەیە، بەڵام بەدوای ڕیشەکەیدا دەگەڕێن بۆ چارەسەرکردن، بەڵام دینیای ئێمە چاوی لە میدیایە کە ئەم کێشانە هەڵماڵێت. لە هیچ سوچێکی دنیادا نەبووە میدیا بچێتە نێو پرسەی ژنانەوە و گریانی کەس و کاری قوربانیەکان بگوازێتەوە. هەریەک لەو میدیایانە کە هەریەکە و پارتێک و گروپێک لە پشتەوەین، مەکیاجی دەسەڵات و کارەکتەرەکانی پیشتی میدیا دەکەن و بێ ئیش و کار خۆیان دەکەن بە پرسەی ژناندا. میدیای کوردی لە ماڵوێرانیەکی کوشندەدا دەژی و دەستی هەیە لە سادەکردنەوەی کوشتن و تاوان لە دنیای ئێمەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button