داوای راگرتنی دوو بەرنامەی ئاینی لە کەناڵەکانی نزیک لە پارتی دەکرێت

لڤین:
ژمارەیەک مامۆسیا ئاینی و کەسایەتی نامەیەکی کراوە ئاراستەی لەیەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ راگرتنی دووبەرنامەی کەناڵەکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم.
لە نامەیەکی کراوەدا کە خۆیان وەک دەستەیەک لە مامۆستایانی ئاینی و شێخانی تەریقەت و مامۆستایانی زانکۆ و نوسەر و ڕۆشنبیر لە سەرتاسەری کوردستان ناساندووە دەڵێن: چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن بە بەرنامەی تایبەت و بە شێوەیەکی بەردەوام بەتایبەتی لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بێ گوێدانە پاراستنی هەستی موسوڵمانان وەك بڵێی بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو کار بۆ تێکدان و شێواندنی ئایينی پیرۆزى ئیسلام دەکەن.
ئە کەسایەتیانە لە نامەکەدا باسیان لە دوو بەرنامەی کەناڵەکانی رووداوی نزیک لە سەرۆکی هەرێم و کوردستان 24ی نزیک لە سەرۆکی حکومەت دەکەن کە تیادا “لە ڕێگەی میوانداریکردنی خەڵکانێکی گومانلێکراو و دروستکردن و وروژاندنی پرسیارگەلێکی نالۆژیکی و دوور لە هەمو بنەمایەکی زانستی و گومان دروست کردن لەو شتانەی کە لە دینی ئیسلام دا یەکلا و ناسراون”.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
نامەیەکی کراوە بۆ ھەریەک لە:
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری
بەڕێز داواکاری گشتی
ماوەی چەند ساڵێکە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن بە بەرنامەی تایبەت و بە شێوەیەکی بەردەوام بەتایبەتی لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بێ ڕەچاو کردنی ئەو بارە سەختە پڕ لە ناخۆشیەی میللەتەکەمانی تێدایە لە ئەنجامی قەیرانی دارایی و دەیەها کێشەی تری دەرونی و خێزانی و کۆمەڵایەتی و…. هتد.. پاشان ئەم دۆخە ناتەندروستیەی پەتای کۆرۆنا و دەرهاويشتە تاڵەکانی کەتەواوی جومگەکانی ژیانی پەکخستوه، وەبێ گوێدانە پاراستنی هەستی موسوڵمانان وەك بڵێی بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو کار بۆ تێکدان و شێواندنی ئایينی پیرۆزى ئیسلام دەکەن، هەندێ جار لە ڕێگەی میوانداریکردنی خەڵکانێکی گومانلێکراو و دروستکردن و وروژاندنی پرسیارگەلێکی نالۆژیکی و دوور لە هەمو بنەمایەکی زانستی و گومان دروست کردن لەو شتانەی کە لە دینی ئیسلام دا یەکلا و ناسراون (ما علم من الدین بالضرورة)..
لەوانە بۆ نمونە:
یەکەم: بەرنامەی (پاشیڤ) لە کەناڵی (ڕوداو)
دووەم: بەرنامەی (کرانەوە) له کەناڵی (K24)
کە ئەم جۆرە بەرنامە و پرسانە لەئایندا وەکو ئەوە وایە كه لە بابەتە نیشتمانی و نەتەوایەتیەکاندا .. بەرنامە و تەوەر لەسەر ئەوە بێت کە:
ئایا شۆڕشی ئەیلول شۆڕش بوو یان خیانەت بوو ؟
ئایا سەرکردە نەتەوەییەکانی وەکو شێخ سەعیدی پیران و قازی و نەهری و شێخانی بارزان و شێخ محمودی حەفید هتد… شۆشگێر بوون یان خاکفرۆش بوون …؟!
وە لە کۆتایی گفتوگۆکان لایەنە ناراستەکە پشتڕاست بکەنەوە بە بیانووی (ئازادی رادەربڕین).
ئایا دەکرێت لە ژێر ناو و پاساوی میدیایيدا ڕێگە بەم جۆرە تەوەرانە بدرێت؟؟ جیلی تازە بەدگومان بکرێت لە مێژووی خەبات و سەرکردەکانی؟؟
بۆیە ئێمە کە دەستەیەکین لە مامۆستایانی ئاینی و شێخانی تەریقەت و مامۆستایانی زانکۆ و نوسەر و ڕۆشنبیران لە سەرتاسەری کوردستان ئەم ئاڕاستەیە لە کاری میدیاییدا لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت بە سوکایەتی و شێواندنی ئاینی دەزانین و لە هەمان کاتدا بە تێکدانی ئارامی دەرونی و خەڵك و هەرێمەکەمانی دەزانین..
جا لێرەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە زووترین کات ئەو بەرنامانە ڕابگرن، چی تر هەستی خەڵکی موسوڵمانی ئاینپەروەری کوردستان بریندار مەکەن بەم جۆرە ئاڕاستەیە لە سوکایەتیکردن و شێواندن و تێکدانی کەشی ڕەمەزان و مەوسم و ساتەکانی خوداپەرستی..
ئومێدەوارین بە زوترین کات بەڕێزتان بە بەرپرسیارێتی خۆتان هەڵسن، ڕێگە بگرن لە شکاندنی پیرۆزی و شکۆی ئاین و بریندارکردنی هەستی موسوڵمانان و هاونیشتمانیانی هەرێمەکەمان.
لای بەڕێزیشتان ئاشکرایە کە هەموو ئەوەی دەستمان کەوتووە لە حکومەت و پەرلەمان و… هتد بەرهەمی کەسانی ئایینپەروەرو نیشتیمان پەروەر بووە، بۆیە پێویستە پاراستنی وڵات لە پاراستنی تەواوی جومگەو پیرۆزی و بەهاکاندا ڕەنگ بداتەوە…..
والسلام علیکم ورحمة الله ..
19/4/2021 بەرامبەر 6/ڕەمەزانی 1442کۆچی