سوریا لە 26ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجامدەدات

لڤین:
ئەنجومەنی نەتەوەیی سوریا ئەمڕۆ بڕیاریدا 26 ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکە ئەنجام بدات.
حەمودە سەباغ، سەرۆکی ئەنجومەنی نەتەوەی سوریا رایگەیاند: 26ی ئایار وەک ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا دیاریکراوە.
ناوابراو وتیشی: ڕۆژی 20 ی ئایار بۆ دەنگدانی ئەو هاوڵاتییە سوریانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن دیاریکراوە، دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی واڵادەکەن کە لە ڕۆژی دووشەممە دەست پێدەکات بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت
سەرۆکی ئەنجومەنی نەتەوەی، داوای لەوانه کرد دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن له ماوه ی 10 ڕۆژدا داواکەیان بۆ دادگای باڵای ده ستووری بەرز بکەنەوە.
وتیشی “دەبێت هەر یەکێک لە ئێمە بەشداری ئەو مافە دەستوورییە بێت بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەی سوریا بە ئامانج دەگرێت”.
بە گوێرەی یاساش دەبێت ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە سوریا نیشتەجێ بووبێت، بۆ ئەوەی ناوی بچێتە لیستی کاندیدەکانەوە پێویستی بە پشتگیری 35 کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی نەتەوەی هەیە.