دەست بەسەر پێنج تۆن خۆراکدا گیراوە

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاندووە سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەشکر حەمید ئاسکرای کردووە لەئەنجامی ئەو هەڵمەت و سەردانە چڕەی لەلایەن لیژنەکانەوە بۆ دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئەنجام دەدرێت، لەسەرەتای مانگی رەمەزانەوە ژمارەیەکی زۆر شوێن بەسەرکراونەتەوە و دەستیش بەسەر زیاتر لە پێنج تۆن خواردن و خواردنەوەی خراپ و ماوە بەسەرچودا گیراوە.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە بەشێکی زۆری ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەخورما، شەربەت و شیرینی پێکهاتوە.
سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەپێی خشتەی کارکردنی لیژنەکان، هەڵمەتەکە سەرجەم دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی سلێمانی و ناحیەکانی بازیان، بەکرەجۆ و تانجەرۆ دەگرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لەکاتی هەبونی گومان لە هەرکاڵاوشمەکێک یان خواردەمەنییەک دەتوانن لەرێگەی ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە بکەن.
س . ب
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button