لە هەولێر تا ئێستا 15 هەزار ژەم ڤاکسین بەکار هاتووە

لڤین:
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، تا ئێستا لە شاری هەولێر ١٥ هەزار ژەم ڤاکسینی کۆرۆنا بەکار هاتووە و تەنها چوار هەزار و ٥٠٠ ژەم ڤاکسینیان لەبەردەست ماوە.
دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، لە سنوری پارێزگای هەولێر ٤٦ شوێن بۆ کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا دیاریکراون کە پێکهاتوون لە ٤٣ بنکەی تەندروستی و سێ نەخۆشخانە.
ناوبراو وتیشی لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ١٩ هەزار و ٥٠٠ ژەم لە هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بۆ سنوری پارێزگای هەولێر دیاریکراوە، لەو بڕە نزیکەی ١٥ هەزار ژەم بەکارهاتووە و ٤ هەزار و ٥٠٠ ژەمیش ماوە لە هاوڵاتیان بدرێت.
ئەوەشی راگەیاند: لە ئێستادا هەریەکە لە ڤاکسینەکانی سینۆفارم و فایزەر لە هەولێر نەماوە تەنها ڤاکسینی ئەسترازینکا لەبەردەستە جگە لەوەی بڕێکی کەم لە ڤاکسینی فایزەر لە قەزای سۆران ماوە پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ یان سبەی ئەو جۆرەی ڤاکسین لەوێش نەمێنێت.
دلۆڤان محەمەد وتیشی: تەنها لەسەرەتای هاتنی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی و لە قۆناغی یەکەمدا کوتانی ئەو ڤاکسینە تایبەت کرا بە پزیشکان و کارمەندان تەندروستی، بەڵام لەئێستادا فایزەر و هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بەشێوەیەکی یەکسان دابەش دەکرێت بەسەر گشت هاوڵاتیاندا.