لە لایەن ئەمریکاوە 500 هەزار دۆلار بەخشرایە بادینان

لڤین:

کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، سەردانی بادینانی کرد و 500 هەزار دۆلاری بەخشیی بۆ پارێزگاریکردن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەروازەی بادینان لە شارۆچکەی ئامێدی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کونسوڵخانەکە ڕۆب والەر، کونسوڵی گشتی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئامێدی مینحەیەکی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلار ڕاگەیاند کە تەرخانکراوە بۆ پارێزگاریلێکردن و پاراستنی دەروازەی بادینان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە “حکومەتی ئەمریکا سورە لەسەر پارێزگاریلێکردن و نۆژەن کردنەوەی ئەم کەلەپورە کلتورییە ناوازەیە و زۆر خۆشحاڵە بە کارکردن لەگەڵ کوردانی هاوڕێمان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هیوادارین ئەم مینحەیە ببێتە پردێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیەکانی نێوان گەلی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی “دەروازەی بادینان” پارێزگاریی لێدەکرێت وەک خزمەتێک بە هەموو مرۆڤایەتی، لە هەمان کاتیشدا دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەکە لە ڕووی ئابوورییەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button