دانیشتنی دادگایی کردنی دەمیرتاش بەڕێوەچوو

لڤین:
دانیشتنێکی دیکەی دادگایی کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ لە لقی١٩ی دادگای سزای قورسی ئەنکەرە لە بەندیخانەی سینجاجێ، دانیشتنێکی دیکەی دادگایی کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فوراتنیوز، لە دانیشتنەکەی دادگادا “ئیدیعانامەی دۆزی کۆبانی کە لە دادگەی قوورسی ژمارە ٢٢ی ئەنکەرە بووە تێکەڵی دۆسیەکە بووە بەو هۆیەشەوە دادگاییکردنەوەکە دواخراوە”.
بەگوێرەی هەواڵەکە دادوەر بۆچوونی پارێزەرانی نەپرسیووە و دانیشتنەکەی بۆ 6ی مانگی داهاتوو دواخستووە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازاد کردنی دەمیرتاشی دابوو.