کازمی بۆ یادی ئەنفال پەیامێکی بڵاو کردەوە

لڤین:

مستەفا کازمی، لە بۆ 33 یەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، “تاوانی ئەنفال پاڵنەرە بۆ ئەوەی جارێکی تر دیکتاتۆریەت نەگەڕێتەوە”.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ تێپەڕبوونی 33یەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال، بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ یادی 33 ساڵەی دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی تاوانی ئەنفالە کە ڕژێمی پێشوو دژ بە گەلی کوردمان ئەنجامی دا تێپەڕدەبێت کە دەیان هەزار قوربانی لێکەوتەوە، ژمارەیەکی زۆریان لە زیندانە تاریکەکانیان بەجێ هێشت، سەدان گوندی کوردییان وێران کرد و خەڵکەکەیان ئاوارە کرد.”

دەشڵێت: “ساڵانە یادکردنەوەی ئەو تاوانە پاڵنەرە بۆ هەموو حکومەتەکان، کاری جدی بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دکتاتۆریەت بە هیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە، هەموو ئەو سیاسەتانەش رەتبکرێتەوە، کە دەبنە مایە جیاکاری و پەراوێزخستن”.

کازمی جەختیشدەکاتەوە کە “ڕێگەی دیموکراتی و ڕیفۆرمخواز و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ڕێگایەکە بۆ عێراقێکی گەش کە ئاشتی و خۆشەویستی و لێبوردەیی زاڵ بێت و یەکپارچەیی وڵات و کەرامەتی ژیان و دادپەروەری ببێتە بەردی بناغەی، عێراقێکی سەقامگیر و بەهێز بۆ گەل و خاکەکەی.”

لە کۆتاییشدا دەڵێت: “شکۆمەندی و ڕێز بۆ ئەوانەی لە هەموو ئەو کەسانەی لە تێکۆشانیان لە دژی دیکتاتۆریی شەهیدیان داوە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button