بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ

ئەمریکا داواکارییەک ئاڕاستەی هێزەکانی ڕۆژئاوا دەکات

لڤین:

نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دانوستانی نێوان لایەنە كوردییەكانی سوریا ڕاگیراوە.

هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دانوستانی كوردی-كوردی لە ئێستادا ڕاگیراوە، پاش قۆناغی یەكەم و دووەمی دانوستانەكان كە سەركەوتووانە بەڕێوەچوون، لە ئێستادا بەهۆی وتاری توندی بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد دانوستانەكان ڕاگیراون.

وتیشی”لە ئێستادا نوێنەری ئەمریكا دەستیكردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ دوو لایەنەكەدا تاكو بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، هاوكات مەزڵوم كۆبانی داوای لە هەروو لایەنەكە كردووە دەست بە دانوستان بكەنەوە”.

ئاشكراشیكرد، وەكو حزبەكانی یەكێتی نیشتمانی كورد ئامادەین بەبێ مەرج دانوستانەكان دەستپێبكەینەوە، بەڵام ئەنەكەسە خاوەنی بڕیاری سیاسی نییە و ناتوانێت لەبارەی دانوستانی كوردی-كوردی بڕیاری سەربەخۆ بدات.

جەختی لەوەش كردەوە”بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانی لە وتەكانیاندا حزبەكانی یەكێتی تاوانبار دەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنەكەسە لەژێر كاریگەریی گرووپەكانی تردایە و ئەمریكییەكانیش ئەم ڕاستیە دەزانن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button