چوار كرێكار گیانیان له‌ده‌ستدا

لڤین:

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا چوار کرێکار لە شارەکانی کرماشان، سنە، دێولان و مێهران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوێنی کارەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە 12ی ئەم مانگە، کرێکارێکی خەڵکی سنە بە ناوی جەبار ئیمامی نەژاد، تەمەن 34 ساڵ کە فەرمانبەری ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی سنە بووە، لەکاتی هەڵکەندنی چاڵی ئاوه‌ڕۆ بە هۆی داتەپینی چاڵەکە گیانی لە دەستداوه‌.

هەروەها هەمان رۆژ، کرێکارێکی خەڵکی مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی ئەلبورز محەمەدی، لە کاتی کار کردن لە بینایەکی ته‌واو نه‌كراو بە هۆی بەربوونەوەی دەستبەجێ گیانی لە دەستداوه‌.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە رۆژی یەکشەممەی ڕابردووش، کرێکارێکی تەمەن 32 ساڵی خەڵکی کرماشان لە کاتی کار کردن لە بینایەک بە هۆی بەربوونەوە و کەوتنە ناو چاڵی ئه‌سانسۆر دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.

لە رۆژی 10ی ئەم مانگەش، شۆفێرێک لەکاتی کارکردن لە کانزای بەردی ئاسنی گوندی مەیمونئاوای دێولان بە هۆی تێکچوونی چەکی کامیۆنەکە گیانی لە دەستدا، شۆفیرەکە خەڵکی گوندی کولە سارەی بەخشی موژژ بووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button