ئێران لە بارەی وێستگە ئەتۆمیە تەقێندراوەکەوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو

لڤین:

سەرۆکی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، زانیاری نوێی لە بارەی وێستگە ئەتۆمیە تەقێندراوەکەوە خستەڕوو ڕایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێستگەی نه‌ته‌نز بەردەوامە.

11ی ئەم مانگە بەشێک لە تۆڕی دابەشکردنی کارەبا له‌ وێستگه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز له‌ ئێران تەقییەوە و بەو هۆیەشەوە ڕاگەیەندرا کە پیتاندنی یۆرانیۆم لەو وێستگەیە پەکی کەوتووە و پێناچێت تا نۆ مانگیکە وێستگەکە بتوانێت کارەکانی دەست پێبکاتەوە، ئێرانیش ئیسرائیلی بە تەقینەوەکە تۆمەتبارکرد.

لە بارەی دواین زانیاریی لەسەر ویستگەکە عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بەرۆژنامەنوسی وڵاتەکەی راگەیاند، لەئێستادا کارەبا گەیەنراوەتەوە بە بەشە خێراکانی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز له‌ پارێزگای ئه‌سفه‌هان و لەماوەی چەند رۆژێکیشدا کارەبا بۆ تەواوی وێستگەکە دابین دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا بەشێکی بەرچاو لەکارکردنی وێستگەکە خراوەتەوە سەر کار و پیشەسازی ئەتۆمی لەکارکردن بەردەوام دەبێت، پلانی ئەوەشیان هەیە لەماوەیەکی کەمدا توانای تەواوی وێستگەکە بەڕێژەی 50% بخەنەوەکار.

پێشتر رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی لەسەر رووداوەکەی نەتەنزی ئەتۆمی ئێران بڵاویکردەوە، رووداوەکە تەقینەوەیەکی بەهێز بووە کە سیستەمە کارەباییە سەربەخۆ نێوخۆییەکانی وێران کردوە و گەڕانەوەی وزەی دامەزراوەی نەتەنز رەنگە بەلانی کەمەوە 9 مانگ بخایەنێت.

هەروەها سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند بوو، ئەوەی لە  وێستگه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز رویداوە هێرشێکی تیرۆرستی بووە لەسەر خاکی ئێران و ئێمە لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی وەڵامدانەوە بەکاردەهێنین و لەکات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button