جوتیار عادل: عەلی حەمە ساڵح داوای لێبوردنی کرد

لڤین:

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند دوای بڵاوکردنەوەی قسەیەک بەناوی منەوە عەلی حەمە ساڵح داوای لێبوردنی کرد و بڕیاریدا روونکردنەوەیەک بدات بەڵام تا ئێستا روونکردنەوەکەی نەداوە.

جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: لە چەند رۆژی رابردوودا، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، گوتەیەکی بەناوی بەندەوە بڵاو کردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نەبوو و بەندە قسەیەکی لەو شێوەیەی نەکردووە.

سەرۆکی فەرمانگەکە رایگەیاندووە، دوای دڵنیابوونی ئەو پەرلەمانتارە لەوەی کە ئەو زانیارییانەی بەناوی منەوە بڵاویکردوونەتەوە بێ بنەمان، داوای لێبوردنی کرد و ئێمەش داوامان کرد روونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بدات.

جوتیار عادل کە هاوکات وتەبێژی حکومەتیشە دەڵێت: بەداخەوە تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی ئەو روونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕوو تاوەکو چی دیکە لەسەر بنەمای زانیاری نادروست خەڵکی بەلارێ دا نەبرێت.

دووبارە سەرۆکی فەرمانگەکە داوای لەو پەرلەمانتارە کردووە پێش ئەوەی قسە لەسەر هەر بابەتێک بکەن بەدواداچوونی تەواوی بۆ بکەن و بابەتەکان لەسەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوە وەربگرن، تا خۆیان تووشی ئیحراجی نەبن و کۆمەڵگەش بە لارێ دا نەبەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button