وەزارەتی شارەوانی سیستەمی کارکردنی خۆی دەگۆڕێت

لڤین:
وەزارەتی شارەوانی بۆ لەمەودوا سیستەمێکی نوێی کارکردن پەیڕەو دەکات و وەزیری شارەوانیش رایگەیان لە سەرەتادا ئەو سیستەمە لە ناو دیوانی وەزارەت و دەستەی گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی باڵای وەزارەت، گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتیی دەستپێكردنی پرۆسەی گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی تەقلیدی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری بەپێی ستانداردی (ISO 9001: 2015) كرا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئێستە سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری لە زۆربەی جومگەكانی حكومەت و ڕێكخراو و كۆمپانیاكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، لە ناویاندا ناسراوترین ستانداردی بوارەكە بریتییە لە (ISO 9001: 2015) كە تێیدا هەموو زانیارییەكی تەواوی ئەو شوێنەی سیستەمەكە بەكار دەهێنێت تۆمار دەكرێت و ئاستی كاری هەر بەشێك یان كارمەندێك دەردەخات.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەوەی بۆ هاوڵاتییانیش گرینگە، بەتەواوی ڕۆتین كەم دەكاتەوە و خێراتریش خزمەتگوزارییەكانیان پێ دەگات. ئەمەش بنەمایەكە بۆ سیستەمی یەك پەنجەرەیی و حكومەتی ئەلیكترۆنی. هەروەها یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو ستاندەرە، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتییانە كە ئەمەش لە كارنامەی كابینەی نۆیەم حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، وەك قۆناغی دەستپێك، ئەم سیستەمە لەناو دیوانی وەزارەت، دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر پەیڕەو دەكرێت و پاش سەركەوتنی لەم چوار شوێنە، لە قۆناغی داهاتوودا پارێزگا و دەڤەرەكانی دیكەش پەیڕەو دەكرێت.