ڕووداوەکەی بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەقینەوە بوو؟

لڤین:
میدیایەکی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد ئەو ڕووداوەی دوێنێ لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز ڕوویدا تەقینەوەیەکی گەورە بووە.
دوێنێ بەیانی ڕووداوێک لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ناوەندی ئێران ڕوویدا، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش ئەوەیان بە ڕووداوێک لە بەشی سیستەمی کارەبایی بنکەکە ناو برد.
ئەگەرچی لەسەرەتادا سەرنجەکان لەسەر ئەوە بوون کە ئەم ڕووداوە هێرشێکی سایبری بێت و دەستی ئیسرائیلی تێدابێت، بەڵام هەر دوێنێ، عەلی ئەکبەر سالحی، سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، بێ ئاماژەدان بە وردەکاریی هێرشەکە یان ئاشکراکردنی بکەرانی، ڕووداوەکەی وەک “تیرۆریزمی ئەتۆمی” ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئێران مافی ئەوەی هەیە کە وەڵامی ئەم کارە بداتەوە.
هەر پەیوەست بەو ڕووداوەوە تەلەفزیۆنی ‘کەناڵ ١٣ی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ڕووداوەکەی نەتەنز هێرش بووە و لە ڕێگەی ماددەی تەقەمەنییی چێندراوەوە ئەنجامدراوە، نەک لە ڕێگەی سایبرییەوە.
هاوکات ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، وێنەیەکی وەرگیراو بە مانگی دەستکردیان بڵاو کردووەتەوە کە پیشانی دەدات تەقینەوەیەکی بەهێز لەو بنکە ئەتۆمییە ڕوویداوە.
لای خۆشیەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئەمنی، ڕایگەیاند: ڕووداوەکەی دوێنێ کە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە بنکەی نەتەنز، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە بووە کە بە تەواوەتی سیستمی کارەبای بنکەکەی لەکار خستووە.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە کە ئەو تەقینەوە گەورەیە لە بنکەی نەتەنز کە تایبەتە بە پیتاندنی یورانیۆم، بۆ ماوەی نۆ مانگ، کاری پیتاندنی یورانیۆم لەو بنکەیە دوادەخات.