عومەر سەید عەلی: بە یەکێتی و پارتیمان وت کۆتایی بە قۆرخکاری بازاڕ بهێنن

لڤین:
ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکاندا بەڕوونی بە یەکێتی و پارتیمان وتووە هێز و پارە لای ئێوهیه پێوستە کۆتایی بە قۆرغکاری بازاڕ بهێنن و ڕێگری بکەن لە بەردەوامی قاچاغچێتی سنورەکان
عومەر سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوی گۆڕان، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبونی ئاسۆ ڕەحیم، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان و بەهادین ئەحمەد، باژێڕوانی سلێمانی، لەگەڵ ڕایەڵەی پیشەوەرانی بازاڕی سەر بە ئەنجومەنی قەزای سلێمانی کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، خەڵکی کوردستان خەباتی بۆ خۆشگوزەرانی کردووە بۆیە دەبێت ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێت، ئێمەش وەک بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریمان لە حکومەت هۆکارنیە بۆ بێدەنگیمان لەئاست خراپەکان و وەک هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکین.
عومەر سەید عەلی، وتی، لە کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکاندا بەڕوونی بە یەکێتی و پارتیمان وتووە هێز و پارە لای ئێوهیه پێوستە کۆتایی بە قۆرخکاری بازاڕ بهێنن و ڕێگری بکەن لە بەردەوامی قاچاغچێتی سنورەکان و دۆخ و بژێوی خەڵک باشبکەن.
رێکخەری گشتی گۆڕان لەبارەی ناڕەزایەتیەکان لە کاری بزوتنەوەکە وتی: ئێمە هەمیشە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەر کەسێک بکەین کە ڕەخنەی لە شێوازی کاری ئێمە هەیەو دەرگاشمان بەڕوی هەموو ئەو کەسانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت بێنەوە ناو گۆڕان و لە ئۆرگانەکانیدا کاربکەن.