پێستی مریشک لە تاران کیلۆی بە هەشت هەزار تمەن دەفرۆشرێت

لڤین:

کیلۆیەک پێستی مریشک لە شاری شەهریاری سەربە تاران بە هەشت هەزار تمەن دەفرۆشرێت و نرخی یەک کیلۆ مریشکیش بەرزبووەتەوە بۆ ٣٥ هەزار تمەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووە لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک مریشک بووەتە ٣٥ هەزار تمەن و کیلۆیەک باڵی مریشک بۆ ٤٠ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، ئەوەش ئەو نرخەیە کە حکومەت بۆی دیایرکردووە بەڵام لە بازاڕی رەشدا نرخەکان بەرزترن.

ماوەی رابردوو بە بڕیاری حکومەت نرخی کیلۆی مریشکی لە ٢٠ هەزار تمەنەوە بۆ ٢٤ هەزار تمەن زیادکرد ، دوای ئەوش هاوڵاتیان ناچاربوون لە سەرەدا بووەستن بۆ ئەوەی مریشک بە نرخی حکومەت بکڕن بەڵام نرخەکان لە بازاڕی رەشدا زۆر لەوە زیاترن.

لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی مریشکدا حکومەت بەڵێنیدا بە هاوردەکردن و ڕێگری‌کردن لە قاچاغی مریشک کۆتایی بە بازاڕی ڕەشی  مریشک بهێنێت بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکەی جیبەجێ نەکردووە.

ئەوش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە زانستییەکان پێیانباشە پێستی مریشک نەخورێت بە هۆی ئەوەی دەڵێن بە جیاکردنەوەی پێست و چەورییەکەی، گۆشتی مریشک بڕێکی کەمتر کالۆری دەدات و ئەوەش بۆ رێگریی لە قەڵەویی گرنگە، ئەوە جگە لەوەی مەترسیی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن کەمدەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button