وەزارەتی شارەوانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

لڤین:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لەبارەی هەواڵی پێدانی بەنزینخانە بە کچێکی عەرەب لە شاری هەولێر لەلایەن وەزیری شارەوانیەوە، روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتەکە لە روونکردنەوەکەیدا ئەو هەواڵە بە دوور لە ڕاستییەوە دەزانێت و  دەڵێت هیچ مۆڵەتێک و تەرخانکردنێکی زەوی لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە نەدراوە.

دوای بڵاو بوونەوەی ئەوەی کە وەزیری شارەوانی زەوی داوەتە کچێکی بەڕەگەز عەرەب وەزارەتەکە دەڵێت “مۆڵەتی دانانی بەنزینخانە، لە ساڵی ٢٠١٨وە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و لەوساوە تا ئێستا هیچ مۆڵەتێکی دانانی بەنزینخانە نەدراوە”.

ئەوەشی روونکردووەتەوە “لە کابینەی نۆیەمیش لە تەمووزی ٢٠١٩وە  بە بڕواوە دەیڵێین هیچ مۆڵەتێک نەدراوە، چونکە ئێستا لەلایەن لیژنەیەکی یاسایی و ئەندازیاری، کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕێنماییەکانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی، بۆ هاوڵاتییان ڕادەگەیەندرێت”.

لە بارەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو نووسراوەی کە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت “ئەوە فەرمانی تەرخان کردن نییە، بەڵکو وەڵامی فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ پرسیاری ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان و نووسراوەکە بە ئاشکرایی بۆ پەرلەمان نێردراوە و هیچ نهێنییەکی تێدا نییە”.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button