لە گەرمیان 37 پرۆژه‌ی ستراتیژی پەکخراون

لڤین:

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند، 37 پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌ گه‌رمیان په‌كخراون و كێشه‌ و گرفتی گەورەی بۆ دروستکردوون.

دوای سەردانی شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئیدارەی گەرمیان و کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و به‌ ئاماده‌بونی قایمقامی قه‌زای كه‌لار، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، رێكخراوه‌كانی بواری ئه‌نفال، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی رزگاری و سه‌رقه‌ڵا، باس لە پێداویستیەکانی ئیدارەکە کرا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئیداره‌ی گه‌رمیان، شانده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌یانخسته‌ڕوو، ئه‌مڕۆ بۆ به‌دواداچونی كێشه‌ و گرفته‌كانی گه‌رمیان له‌روی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ به‌ گشتی و به‌تایبه‌تیش بۆ داواكاری واریسی ئه‌نفالكراوان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان كردووه‌، بۆ ئاماده‌ کردنی یاداشتێک کە ده‌یده‌نه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

جه‌لال نوری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، داوایكرد په‌رله‌مانی كوردستان كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داواکنایان بكات، كێشه‌كانیش په‌یوه‌ست بون به‌ وه‌ستانی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ستراتیژیه‌كانی گه‌رمیان كه‌ ژماریان 37 پرۆژه‌یه.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان پشتیوانی خۆی بۆ داواكاریی و داخوازییه‌كانی رێكخراوه‌كانی بواری ئه‌نفال دوپاتكرده‌وه‌ و راشیگه‌یاند، كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان شایه‌نی خزمه‌تی گه‌وره‌ن، قوربانی گه‌وره‌یانداوه‌ هه‌موو دێهاته‌كانیان روخێندراون، بۆیه‌ مافی خۆیانه‌ خزمه‌تی گه‌وره‌ بكرێن و ژیانێكی شایسته‌یان بۆ دابینبكرێت.

شانده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان پێكهاتبوون له‌ (هه‌ژان حه‌سه‌ن، ناسر ئه‌حمه‌د، شادیه‌ نه‌وزاد، هاوڕی مه‌لا ستار، به‌همه‌ن كاكه‌ عه‌بدوڵا، رزگار محه‌مه‌د، عوسمان عه‌لی، سارا دڵشاد).

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button