بەتەمەنترین شاعیری کورد کۆچی دوایی کرد

لڤین:

شاعیری نیشتمانپەروەر مامۆستا ئەحمەد دڵزار لەتەمەنی 101 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کەمێک پێش ئێستا شاعیری نیشتمانپەروەر مامۆستا ئەحمەد دڵزار کۆچی دوایی کرد.

لەبارەی کۆچی دوایی ئەو شاعیرەوە لقی ھەولێری یەكێتی نووسەرانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مامۆستا دڵزار نەک ھەر شاعیرێکی ناودار و تێکۆشەر بوو، بەڵکو هەموو ژیانی خۆی لەپێناو خەبات و كوردایەتی و خزمەتی ئەدەب و كلتووری كوردی بردەسەر.

ئەحمەد دڵزار کێیە؟

– ناوی تەواوی: ئەحمەد مستەفا محەمەدە

– لە 8/1/1920 لە شاری كۆیە لەدایكبووە

– نازناوی (دڵزار)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و پێی ناسراوه و هاوڕێی شاعیری کورد و خاوەنی هۆنراوەی ئەیڕەقیب دڵدار بووە

– بەرلەوەی بچێتە خوێندنگا باوكی شیعری فارسی بۆ كردۆتە كوردیی و لە ساڵی 1927 لە تەمەنی (7) ساڵیدا باوكی ناردویەتیە لای (مەلا ئەسعەد) و لەوێ فێری نووسین و خوێندن بووە و زمانەكانی كوردی، عەرەبی و فارسی زانیوە.

– لە ساڵی 1929 چووەتە خوێندنگای سەرەتایی لە كۆیە

– لە ساڵی 1940 یەكەم شیعری نووسیوە

– لە ساڵی 1943 چووەتە شاری بەغداد و لەوێ ژیاوە و دواتر لە ساڵی 1944 چووەتە شاری بەسرە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شاری كۆیە

– سەرجەم شیعرەكانی لە دیوانی ئەحمەد دڵزاردا كۆكراونەتەوە.

– بیرەوەریەكانی لە دووتوێی كتێبێكدا بە ناونیشانی (بیرەوەریەكانی رۆژانی ژیانم) چاپكراوە

– ئەمڕۆ لە تەمەنی 101 ساڵیدا و وەک بەتەمەنترین شاعیری کورد لە هەرێمی کوردستان ماڵئاوایی کرد.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button