پارێزگاری هەولێر: ڕێگە نادەین کەس یاری بە نرخی خۆراک و بازاڕ بکات

لڤین:
پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ کەس نادەین یاری بەنرخی خۆراک و بازاڕ و پێداویستی هاوڵاتییان بکات و هەرکەس و لایەک سەرپێچی بکات توندترین رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی هەریەک لە مەسعود کارەش و هێمن قادر، جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، بەمەبەستی چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەوکەسانەی یاری بەنرخ و پێداویستییەکانی هەوڵاتییان دەکەن، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لیژنەی هاوبەشی قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر ئەنجامدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، “لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کردەوە و لیژنەی هاوبەشی قائیمقامیەتی ناوەندی بەسەرۆکایەتی قائیمقام ڕاسپێردرا توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن، بەتایبەتی لەئێستادا کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان نزیک دەبینەوە و ئەم مانگە دەقۆزنەوە”
هەربەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ئومێد خۆشناو ڕایگەیاندووە، “ڕێگە بە هیچ کەس نادەین یاری بەنرخی خۆراک و بازاڕ و پێداویستی هاوڵاتییان بکات و لێژنەی هاوبەشی قائیمقامیەتیش لەدوای ئەم کۆبوونەوەیەوە دەبێ تەواوی هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ چاودێریکردنی چڕی بازاڕ و کۆنتڕۆڵی نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویسییەکان، هەرکەس و لایەک سەرپێچی بکات توندترین رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا بگرنەبەر، لەبازگەکان و نێو بازاڕ و هەموو شوێنە بازرگانییەکانیش بەووردی چاودێری کەل و پەلی ماوەبەسەرچوو بکرێت و دەرفەت بە کەسانی نابەرپرس نەدرێت خۆراک و کەل و پەلی ماوەبەسەرچوو لەبازاڕەکان ساغبکەنەوە، وەک پارێزگای هەولێریش پاڵپشت و هاوکارتانین”.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەو چێشخانە و خواردنگانەی لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزان کراوە دەبن ڕایگەیاند: “هەموو ئەو چێشتخانە و خواردنگانەی کراوەدەبن لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دەبێت بەتەواوی شوێنەکانیان بەپەردە داخراو و داپۆشراوبێت، بەپێچەوانەوە هەر خواردنگە و چێشتخانەیەک ڕەچاووی ڕێزگرتن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ڕۆژوگرانی نەکات، ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتە بەر”.