کۆمیسیۆن: هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت

لڤین:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت، تائێستاش 250 پارتی سیاسی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا خۆیان تۆمار کردووە.
جومانە غەلایی، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێکدا جەختیکردوەلەوەی کە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن سەرپێچیکردنی ماددەی 8ـە لە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020ـی یاسای هەڵبژاردنەکان، هەربۆیە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت.
وتەبێژەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە تاوەکو 17-4-2021 پێشوازی لە لیستی کاندیدەکان دەکرێت.
بڕیارە رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 26 ملیۆن و 642 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و تاوەکو ئێستا 250 پارتی سیاسی تۆمارکراون.