"بە زەوی گەرمیان چەند کەسێک کرا بە ملیۆنێر"

سێ پەرلەمانتاری گۆڕان داواکارییەک ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەکەن

لڤین:

سێ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆران پەیامێک ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئاماژە بۆئەوەدەکەن بەناوی ئێوەوە، بەرپرسانی یەکێتی پلان و نیەتی دیکەیان ھەیە بۆ ئەم زەویانەی بڕیارە بدرێتە کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان

دەقی پەیامی سێ پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان

بۆ کاک قوباد تاڵەبانی

🔻پشتیوانی تەرخانکردنی زەوین بۆ کەس و کاری شەھید و ئەنفال، بەڵام ئەو تاڵانیەی لەم سێ ساڵەدا بەزەوییەوە کراوە، بێ وێنەبوە لە مێژودا و ھیچی بۆ خەڵکی ھەژارو کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال و فەرمانبەری شایستە نەبوە..

🔻وەزارەتی شارەوانی ئێستا بۆ دابەشکردنی ئەم زەویانە بەدەنگ ھاتوە، بەڵام ھەڵوێست و ڕێگری نیە لە داگیرکردنی ھەزاران دۆنم زەوی، سەرۆکایەتی حکومەتیش بێدەنگ بون لەم داگیرکاریە!

ئێستا کە دەڵێن: زەوی تەرخاندەکرێت بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەپێی یاسا و شایستەیی، کارێکی باشە و پشتیوانین، بەڵام بەداخەوە لە پشت ئەمەوە تەماحێکی گەورە ھەیە وەک ئەوانی دیکە بەشێکی بەناوێ شوێنی بازرگانی کە بەھاکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن داگیربکرێت! وەک چۆن بەرپرسان ھەزاران دۆنم زەویان تاڵانکرد و مەتر مەتر دەیفرۆشن یان دەیکەنە مەخزەن و ھەریەکەی دەدەن بە ٥٠٠ ھەزار دۆلار و بەرەوژور.

ھەندێک پێشنیار و سەرنج و ڕەخنەیەک

یەک: بەناوی ئێوەوە، بەرپرسانی یەکێتی پلان و نیەتی دیکەیان ھەیە بۆ ئەم زەویانەی بڕیارە بدرێتە کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان.
بۆ نمونە ٩٥٨ پارچە زەوی بەناوی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال و زیندانی سیاسی دابەشدەکرێت، بەڵام داوای تەرخانکردنی ٦١٣ دۆنم زەویدەکرێت! ، بەشی پێشەوەی ئەم زەوییە بازرگانیە و بەھاکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە، لە ئێستاوە سەرقاڵی ئەوەن چی بۆ کێ بێت، داواکارین ئەم زەویە بازرگانیە، بە کێبرکێی ئاشکرا بفرۆشرێت و ئەو پارەیەش بکرێتە خزمەتگوزاری بۆ گەرمیان.

بە زەوی گەرمیان چەند کەسێک کرا بە ملیۆنێر، ھیوادارین کەس و کاری ئەنفال و شەھیدان جارێکی تر نەکرێنەوە قوربانی و سوتەمەنی ململانێ، یان موزایەدە بۆ پەردەپۆشکردنی چەندین گەندەڵی گەورە.

دوو: لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا بەبێ تاپۆ و ھیچ ڕێوشوێنێکی فەرمی و یاسایی، نزیکەی ھەشت ھەزار دۆنم زەویی سلێمانی بە گەندەڵی مەتر مەتر کراو فرۆشرا، تەنانەت شوێنی پارک و باخچەی منداڵانیش فرۆشرا، لە کاتی ھاتنی بەڕێزت بۆ پەرلەمان باسکرا و وترا لێکۆڵینەوە دەکەین، بەڵام ئەنجامی نەبوو.. بۆیە ئێمە جگە لە ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاری ئەم دۆسێیە ڕەوانەی دادگا دەکەین…

دەپرسین

ئایا ڕەوایە بەرپرسێک بەنایاسایی و بەبێ ھیچ ڕەزامەندیەک ٢٢ ھەزار پارچە زەوی دابەشبکات و بە زیاتر لە ٣٢٠ ملیۆن دۆلار بیفرۆشێت؟ ئافرەت ھەبێ ١٠٠ پارچەی بەناو بکرێ؟ ٣٢ ھەزار مەتر زەویی بدرێت بە دوو کەس کە بەھاکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە، بێ ئەوەی ھیچ سەرمایەیەکیان ھەبێت؟ بەڵام فەرمانبەرێک ١٠ ساڵە فەرمانی پێدانی زەویی ھەبێت، پارچەیەک زەوی پێنەدرێت؟

عەلی حەمە ساڵح
دابان محەمەد
شیرین ئەمین

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button