پرسی لامەركەزییەت بەمزوانە دێتەوە گۆڕێ

– ئاراستەی زۆرینە لەناو یەكێتیی، بەرەو پێدانی دەسەڵاتی راستەقینەی ئیداریی و داراییە بەسلێمانی و گەرمیان
– سەرۆكی حكومەت دەیەوێت لەچوارچێوەی پرۆژەی بودجە، هەندێك دەسەڵاتی سنوردار بداتە سلێمانی
كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ شتێكی لێ‌ شین نابێت، چونكە ئەوانەی پێویستە لەگەڵ یەكتر دابنیشن لەوێ‌ نین، خۆ ئەگەر لەوێش بن دیسان ناكرێت و ناتوانرێت گفتوگۆی ئەو گرفتانە لەوێ‌ بكرێت، بەڵام وەك دەگۆترێت، كۆبونەوەو دیدار بوونی لەنەبوونی باشترە.
گرفتەكانی بەردەم خاوبونەوەی ئەو گرژییە سیاسیەی لەكوردستان هەیە یان هۆكارەكانی ئەو چەقبەستنەی حوكمڕانی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، دیارو روونن، هەركەس بیەوێت قسە لەسەر چارەسەركردنیان بكات پێویستی بە بیركردنەوەی زۆر نییە.
پرسی لامەركەزیی ماوەیەك بوو بەهۆی بودجەی 2021ی عیراق كپ ببوو، پێدەچێت بەمزوانە دیسان ببێتەوە پرسی گەرموگوڕو داواو خواستی لەپێشینەی (یەكێتیی و لایەنەكانی دیكە لەسلێمانی). رەنگە پارتی و ئەوانەی نزیك پارتین، بیانەوێ‌ ئەو پرسە لە پرۆژەی بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی كوردستان جێبكەنەوە! واتە جگە لەتەرخانكردنی بڕێك پارە بۆ سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان، هەندێك دەسەڵاتی خەرجیش لەناو پرۆژەكەدا بدەنە فەرمانگەو كاربەدەستانی ئیداریی سلێمانیی.
ئەو بیرۆكەیە هی سەرۆك وەزیرانی هەرێمە، رەنگە بەدوای پشتیوانیدا بگەڕێت لەناو یەكێتیی، بۆ ئەوەی بەو رێگەیە خواستی یەكێتیی بۆ لامەركەزییەت یان دەسەڵاتدان بەسنوری سلێمانی دابمركێنتەوە، بەڵام ئاراستەی تێگەیشتنی زۆرینە لەناو یەكێتیی، بەرەو پێدانی دەسەڵاتی راستەقینەی كارگێڕیی و دارایی بەسنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەیە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی تایبەت لەگەڵ پارتی و حكومەتی هەرێم.
ئەگەر ئەوە نەكرێت، ئەوا سەقامگیریی سیاسی و حكومڕانی هەرێم لەئێستا خراپتر دەبێت، پابەند نەبوونی سلێمانی بە بەشێك لەبڕیارو راسپاردەكانی ئەم حكومەتە، بەڵگەی زیاتر لێكترازانی حوكمڕانییە لەكوردستان، رێككەوتن نەكرێت ، ئەو كەلێنە فراوانتر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button