ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر داوایەکی ئاراستەی هاوڵاتیانی شارەکە کرد

لڤین:
ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر،لەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە، بهسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەدیوانی پارێزگا کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(14)ی ساڵی 2021ی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا، جێبەجێ بکرێت و ڕێکار و میکانیزم بۆ دەستپێکردنی قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە تەواوی سنوری پارێزگای هەولێر لە كاتژمێر (8)ی شەو تا (6)ی بەیانی گرتەبەر.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە کۆبوونەوەکە سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ)ی ڕاسپارد له كاتژمێر (6)ی ئێوارهوهی ئەمڕۆوە ئامادهكاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکرێت.
ژووری ئۆپەراسیۆنەکان داوای لەو هاوڵاتیانە کرد کە بەسەردان لە دەرەوەی شاری هەولێرن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو شار، بەهۆی دەستپێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی بازگەکان، بەر لەکاتژمێر (8)ی شەو بگەڕێنەوە نێو شار.