نێچیرڤان بارزانی و کەسی یەکەمی حزبەکان کۆدەبنەوە

لڤین:
بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن، ئامانجی کۆبوونەوەکەش نزیککردنەوەی لایەنە سیاسیەکانە لە یەکدی.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان، لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆببنەوە. پێشتر بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتنامە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان كرابوو، زۆرینەی لایەنەكانیش بەشداریکردنیان لە کۆبونەوەکە رەتنەکردووەتەوە.
هەریەك لە پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، سۆسیالیست و شیوعی ئەو حزبانەن تا ئێستا بڕیاری بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا داوە، جگە لەحزبەكان، نوێنەری پێكهاتەكانی توركمان و كریستیانیش بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن.
زانیاریەکانی لڤین ئەوە ئاشکرا دەکەن کە هەریەك لەبافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و فازل میرانی، بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، محەمەدی حاجی مەحمود و سەرۆكی سۆسیالیست و كاوە مەحمود، سكرتێری حزبی شیوعی، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
بڕیارە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕ، حزبەكان بگەنە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، کۆبوونەوەکەش لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات.