ئەمریکا ژمارەیەک پڕۆژەی کارەبا لە هەرێم جێبەجێ دەکات

لڤین:

ئەمریكا لە رێگەی قەرز و كۆمپانیاكانییەوە بەشداریی لە ژمارەیەك پرۆژەی كارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکات کە بەشێکیان لە رێگەی  غازی بە فیڕۆ چوو دەبێت.

وەزارەتی کارەبا لە راگەیه‌ندراوێکدا بڵاویکردەوە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە لیزا بۆ دۆنڵی، بەرپرسی بەشی ئابوری لە كۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر كردوە.

بەرپرسەکەی کونسوڵخانەی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حكومەت و گەلی كوردستان بەگشتی و پرۆژە و كارەكانی وەزارەتی كارەبا بەتایبەتی دوپاتكردوەتەوە ئاماژەی بەوەکرد “ئەمریکا لە رێگەی قەرز و كۆمپانیاكانییەوە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ لە هەرێمی كوردستان لەنێویاندا، پرۆژەی كارەباش لەخۆدەگرێت.”

وەزیری كارەبا داوایكردوە گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە بەتایبەتی پرۆژەی “سكادا بۆ كۆنترۆڵی كارەبا” و جێبەجێكردنی چەند وێستگەیەكی گۆڕینی كارەبای 400 كەی ڤی و ئەنجامدانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا هاوشێوەی وێستگەی غازی گەرمیان، بەسود وەرگرتن لە غازی بەفیڕۆچوو لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بونیادبنرێت.

کەمال محەمەد باسی گرنگی راكێشانی بۆریی غاز، بۆ وێستگەی 1000 مێگاواتی كارەبای كواشی لە پارێزگای دهۆك كردوە، كە دەكرێت لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە جێبەجێبكرێت و وادەکات توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاتربێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button