بە وێنە… لە سنوری ڕانیە گردبوونەوە کرا

لڤین:
دانیشتوانی گوندێکی سنوری قەزای ڕانیە دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی گردبوونەوەیان کرد و بۆماوەیەک ڕێگایەکی سەرەکیان داخست.
ئەمڕۆ دانیشتوانی گوندی قەمتەرانی ناحیەی چوارقوڕنە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەهۆی خراپی ڕێگاوبان لە سنوری گوندەکەیان گردبوونەوە و بۆ ماوەیەک ڕێگای نێوان شارەدێی خدرانی سەر بە شارۆچکەی دووکان و ئیدارەی ڕاپەڕینیان داخست.
بەشداربووانی گوندەکە بە ماڵپەڕی ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاندووە، “داواکاریی ئێمە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە، ئەم ڕێگایەی دەکەوێتە نێوان ناحیەی چواڕقوڕنە و ناحیەی خدران و بە ناو گوندی قەمتەراندا تێدەپەرێت، کە کەمتر لە یەک کیلۆمەترە چاک بکرێت، چونکە وێران بووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە”.
ئەوەشیان وتووە کە “ئەم جارە گردبوونەوە و داخستنی ڕێگای سەرەکیی بە شێوازێکی هێمنانە بوو، بەڵام ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بە دەم داواکارییەکەمانەوە نەیەن، ئەوا هەڵوێستمان جیاوازتر دەبێت”.