بافڵ تاڵهبانی: عێراق بەدۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت

لڤین:
بافڵ تاڵهبانی هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، “عێراق بەدۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، نەبوونی متمانە لەنێوان هێزو لایەنەکان، ئەنجامنەدانی دیالۆگێکی نیشتمانیی لەپێناو چارەسەکردنی کێشەکان پێمان دەڵێت هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لەڕابردوودا چەند گرنگ بووە”.
لهساڵیادی تێپهڕینی 16 ساڵ بهسهر وهرگرتنی پۆستی سهرۆك كۆمار لهلایهن جهلال تاڵهبانیهوه، بافڵ تاڵەبانی، هاوسهرۆكی یهكێتی پەیامێکی بڵاو کردەوەو تێیدا دەڵێت: 6ی نیسان بۆ ئێمە رۆژی وەفاداری و بەردەوامیمانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەکیمانەی مام جەلال، رۆژی بەرپرسیارێتیمانە بەرامبەر نەتەوەکەمان و هەموو ئەو بەها و بڕوایانەی مام بەرگری لێکردوون.
دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عێراق تێدەپەڕێت.
ئێمە بە شانازییەوە یادی ئەو رۆژە پڕ شکۆیە دەکەینەوە. 6ی نیسان بۆ ئێمە رۆژی وەفاداری و بەردەوامیمانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەکیمانەی مام جەلال، رۆژی بەرپرسیارێتیمانە بەرامبەر نەتەوەکەمان و هەموو ئەو بەها و بڕوایانەی مام بەرگری لێکردوون.
دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیان بناغەی سیاسەتی مام جەلال بووە و ئێمەش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبین. دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ستراتیژی کارکردنمان دەبێت و لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام دەبین.
عێراق بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، نەبوونی متمانە لەنێوان هێز و لایەنەکان، ئەنجامنەدانی دیالۆگێکی نیشتمانیی لەپێناو چارەسەکردنی کێشەکان پێمان دەڵێت هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە ڕابردوودا چەند گرنگ بووە. ئەو چەترێک بوو بۆ هەموو عێراقییەکان و بە سیاسەتی حەکیمانەی خۆی هەمووانی بۆ مێزی گفتوگۆ بانگهێشت دەکرد. هەموولایەکیش ئەم ڕاستییە دەزانن و شایەتی بۆ هەوڵی بێوچانی ئەو دەدەن لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.
سڵاو لە رۆحی پاکی سەرکردە و ڕابەرمان مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان