ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی سەربازیی تورکیادا سەپاند

لڤین:
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی مامەڵەکانی لەگەڵ کەرتی بەرگری ڕوسیا کە پەیوەستن بە کڕین و تاقیکردنەوەی سیستمی موشەکی ئێس-400، بڕیاردراوە سزا بەسەر دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیادا بسەپێندرێت.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕاسپاردەیەک کە لە تۆماری فیدراڵی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، واشنتۆن گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کە لەچەند ساڵی رابردودا دەسەڵاتی پیشەسازی بەرگری تورکیا “مامەڵەیەکی گەورەی” لەگەڵ روسیادا کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆیە بەگوێرە یاسای “كاتسا” سزا بەسەر دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیا، سەرۆک و سێ بەرپرسی باڵای دەستەکەدا سەپێندراوە.
بەگوێرەی سزاکانیش ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی تورکیادا ناکات و سەرمایەکانی ئەو کەسانەش لەئەمریکا هەڵدەپەسێردرێن، هەروەها ڤیزای گەشتکردن بۆ ئەمریکایان پێ نادرێت.
لەبەشێکی دیکەی سزاکاندا، ئەمریکا هیچ بەرهەمێکی هەناردەی دەستەی پیشەسازی بەرگری تورکیا ناکات و پێشینەیەکی قەرزیش کە بەهاکەی ملیۆنان دۆلارە رادەگیرێت.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی کڕینی سیستمی موشەکی ئێس 400ی ڕوسییەوە لەلایەن تورکیاوە، پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاڵۆزیان تێکەوت، بەشێوەیەک واشنتۆن ناچار بوو، گەورەترین گرنگترین گرێبەستی سەربازی خۆی لەگەڵ ئەنکەرەدا ڕابگرێت، کە تایبەت بوو بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 پێشکەوتووی ئەمریکی.