وەزیری کارەبا:

کێشەی کارەبا چارەسەر دەکه‌ین

لڤین:

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتای ئەمساڵ پرۆژەی پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆری کێشەی کارەبا چارەسەردەکرێت.

ئەمڕۆ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی بە سەرۆکایەتی علی حەمە ساڵح سەرۆکی لێژنە و جێگر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، پێشوازییان لە کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرەگشتیەکانی وەزارەت کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆڵی لێژنەکە بەڕێوەچووە، بە تێر و تەسەلی تاوتوێی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای وەزارەتی کارەبا کرا، و بڕیاریاندا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە.

کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەمەبەستی هەموارکردنەوەی یاسایی وەزارەتی کارەبا ئامادەی کۆبونەوەی لیژنەی وزەبوین و هەندێک خاڵ پێویستە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت”.

یاسایی ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٠٦ تایبەت بە وەزارەتی کارەبا، وەزیری کارەبا لە بارەی یاساکەوە وتی، ئەو کاتە بارودۆخی دارایی و کارەباش جۆرێکیتربوو، ئەو کات کەرتی تایبەت نەبوو، ئەمڕۆ ئێمە ڕونکردنەوەماندا لەسەر هەندێک خاڵ کە ڕون نەبون و ئەو خاڵانەی کە گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت پەیوەندیان بە هەلکەلی ئیدارییەوە هەیە.

لە بارەی پێوەری زیرەکەوە، وەزیری کارەبا ڕایگەیاند”تائێستا ٥٦٨ هەزار پێوەری کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراوە، لە مانگی ٤یش پسوڵە وەردەگیرێت و لە پلانی وەزارەتدا هەیە تا کۆتای ئەم ساڵ پرۆژەی پێوەری زیرەک جێبەجێبکرێت و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆری کێشەی کارەبا چارەسەردەکرێت”.

دەشڵێت”ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە هاوڵاتیان بەشێوەیەکی باش کارەبایان پێبدرێت و لە خزمەتی هاوڵاتیاندابین”.

لای خۆیەوە عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە کێشەی کارەبا لە هەرێم چارەسەربکرێت و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی مۆلیدەکان نەمێنن و یەکجۆر کارەبا بەهاوڵاتیان بدرێت.

وتیشی، بەهۆی ئەو مۆلیدانەوە ڕۆژانە دەیان کەس توشی نەخۆشی دەبن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button