لە سلێمانی خزمەتکارێکی بیانی بڕێک پارەی زۆر لە خاوەن ماڵەکەی دەدزێت

لڤین:
مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە 22 هەزار دۆلاری لە ماڵێك بردووە کە پێشتر وەک خزمەتکار کاری لێکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، “رۆژی 23-3-2021، هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە دز چووەتە سەرماڵەكەی و پارەی لێبراوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای كەشف و هێڵكاری شوێنی روداوەكە توانرا تۆمەتبار بناسرێتەوەو زانرا كە كەسێك پێشتر لەو ماڵە كاری كردووە ئەو پارەیەی دزیوە، بۆیە گەڕان بەدوای تۆمەتباردا دەستیپێكردوو توانرا بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا كە دزیویەتی”.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە تۆمەتبارەکە پێشتر لەو ماڵە كاری كردووە لە ڕۆژی 20-3-2021 كە زانیویەتی ماڵی سكاڵاكار لەماڵ نین ئەم هەلەی قۆستۆتەوەو دزی لێكردون.
لەئێستادا تۆمەتبار (أ ، گ) بەبڕیاری داوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.