بەهۆی شەڕەچەقۆ و تەقەوە کەسێک کوژرا

لڤین:
لە سنوری قەزای چەمچەماڵ شەڕە چەقۆ و تەقە لەنێوان دوو کەسدا ڕوویدا و لە ئەنجامدا کەسێک کە پەیوەندی بەشەڕەکەوە نەبووە بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و کەسێکیش بە چەقۆ برینداربوو.
ئەمڕۆ لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ شەڕە چەقۆ و تەقە لەنێوان دوو دراوسێدا ڕوویدا.
لەو بارەیەوە شەریف رەحیم، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، رووداوێکی تەقەکردن لە ناحیەی شۆڕش روویداوە و تیایدا، پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ کوژراوە و ئاسەوای فیشەک بە جەستەیەوە بووە و بە مردووی گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە کوژراوەکە لە شەڕەتەقەی نێوان دوو دراوسێیدا کوژراوە و هەر لە و روداوەدا گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بە چەقۆ بریندارکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان سەرلەبەیانی لە مەیدانی ئاژەڵان لە چەمچەماڵ، شەڕە چەقۆ لەنێوان دوو کەسدا ڕوویداوە و دواتر هەردووکیان چوونەتەوە ماڵەوە کە لە گەڕێکێکدا بوون، چەکیان بردووەتە دەرەوە و لەنێو گەڕەکەکەدا دەستڕێژی گولـلەیان لەیەکتر کردووە، لەو نێوەندەدا دووکاندارێکی تەمەن 50 ساڵ گولـلەی بەرکەوتووە و کوژراوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕەکەوە نەبووە.