نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

لڤین:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ یادی 41 ساڵهی جینۆسایدکردن و دەربەدەرکردنی کوردانی فەیلی، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق “ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانی بەجێ بگەیەنێت و موڵک و ماڵ و رەگەزنامە و مافە مەدەنییەکان و قەرەبووی زیانەکان بۆ کوردانی فەیلی بکاتەوە و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات”.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە کە “ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، بڕیارێکی دادپهروهرانه و ڕەوا بوو، ئەو بڕیارە دەوڵەت و حکومەتی عێراق دەخاتە بەر ئەرک و بەرپرسیاریهتیی قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان”.
هەروەها دووپاتی کردوەتەوە کە “کوردانی بێگوناهی فەیلی جگە لە کوردبوون هیچ تاوانێکیان نەبووە”.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
له یادی چل و یەک ساڵهی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و وڵاتبەدەرکردن و بێسهروشوێنكردنی خوشک و برایانی كوردی فهیلیدا، شەهیدان و ستەملێکراوانی لەیادنەچووی ئەو تاوانانە بە ڕێز و شکۆوە یاد دەکەینەوە.
وڵاتبەدەرکردنی سهدان ههزار كوردی فهیلی و بێسهروشوێنكردنی دهیان ههزاری دیكهیان، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانهی بهعس بوو بەرامبەر به کوردانی بێگوناهی فەیلی کە جگە لە کوردبوون و داکۆکیكردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان، هیچ تاوان و خەتایەکیان نەبوو.
ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، بڕیارێکی دادپهروهرانه و ڕەوا بوو، ئەو بڕیارە دەوڵەت و حکومەتی عێراق دەخاتە بەر ئەرک و بەرپرسیاریهتیی قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان.
داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دهكهین ئەو ئەرکە یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانییەی بەجێ بگەیەنێت و موڵک و ماڵ و ڕەگەزنامە و مافە مەدەنییەکان و قەرەبوی زیانەکان بۆ کوردانی ستەمدیدەی فەیلی بگێڕێتەوە و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی شههیدانی كوردی فهیلی، سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان دەنێرین. خەبات و دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە.