نرخی گەشتی عومرە دوو هێندە زیادی کردووە

لڤین:

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئاشکرایدەکات، ئەمساڵ رێنماییە تەندروستییەکان و مەرجەکان بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتی سعودییە زۆر قورسن و هەربۆیە نرخی گەشتی عومرەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە بۆ دوو ھێندە

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی “زەمەن”ی راگەیاندووە، “ئەمساڵ ڕێنماییە تەندروستییەکان و مەرجەکان لە وڵاتی سعودییە زۆر قورسن و هەموو کەسێک توانای جێبەجێکردنیانی نییە ونرخەکانیش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە بۆ دوو ھێندە خەڵکێکی زۆر ناتوانن گەشتی عەمرە ئەنجام بدەن”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو کە وەک وەزارەتی ئەوقاف بە وردی چاودێری نرخەکان و ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەن کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تایبەت بە گەشتی عومرە پێشکەش بە عومرەکاران دەکرێت و “ئەگەر پەتای کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە بڕوات پلانی زۆر گونجاومان ھەیە بۆ دابەزاندنی نرخی عومرە و زیادکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکانیش، بەڵام ئێستا بە ھۆی قورسی مەرج و رێنوێنییەکانەکەوە ناتوانین پلانەکانمان جێبەجێ بکەین”.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشکردووە، “تاوەکو ئێستا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە وڵاتی سعودییە نەدراوە بۆ گەشتی ئەمساڵی حەج، ئێمە لە کۆتایی ساڵی 2019 تیروپشکمان بۆ ناوی حاجیان کرد و پێشبینی دەکەین گەشتەکەیان بکەوێتە ئەمساڵ و ئێستا چوار ھەزار و 867 ناومان حازرە و چاوەرێی رێککارەکانی دەستپێکردنەوەی گەشتی حەج دەکەین”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button