دوو پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر دۆسیەی “قاچاغچێتی” بانگهێشتی دادگا کران

لڤین:
دوو پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر بەدواداچوونەکانیان بۆ پرسی قاچاغچێتی، لە لایەن دادگاوە بەفەرمی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشت بۆ ئەوەی لە دادگا ئامادەبن، پەرلەمانتارەکانیش دەڵێن: “ئەوەی وتومانە لەسەر قاچاغچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین، لە بازاڕی جگەرە نوسینگەیان داناوە و 96% جگەرەی کوردستان بە قاچاغ دێت”.
هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد، ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد کە “بەفەرمی ئاگادارکردنەوەی دادگامان پێگەشتووە، بۆ دادگاییکردنمان بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی واژمان کرد و بەویستی خۆمان دەچینە بەردەم دادگا، ئەوەی وتومانە لەسەر قاچاخچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین”.
ئەو پەرلەمانتارانە باس لەوەش دەکەن، باشماخ لە ڕابردوو و ئێستادا “ناوەندێکی گەورەی قاغاخچێتییە و لە بازاڕی جگەرە نوسینگەیان داناوەو 96%ی جگەرەی کوردستان بە قاچاغ دێت و لە گەڕەکی عەقاری نوسینگەیان داناوە و ھەزاران ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلیان داخڵکردوە، بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک 6500 دۆلاریان وەرگرتووە”.
ڕوونیشیانکردوەتەوە کە “بارھەڵگرێک ھێلکە بە 12000 دۆلارو ھێلکەی تروکاندن بۆ جوچکە 16000، بارێک دوگ بە 25000 دۆلار و بارھەڵگرێک مس و فافۆن بە 7000000 دەبەن و دادگاو داواکاری گشتی و دەسەڵات، تەماشاکەرن و زەلیلانە لەو قاچاخچیانە دەڕوانن، لەبری ئەوانەی سەدان ملیۆن دۆلاریان بە قاچاخی برد و ئەوانەی ڕێگا خۆشکەر و بکەری قاچاخچێتین، ئێمە دەدەنە دادگا، لە کاتێکدا ھەر ئەوانن بە ھەزاران دۆنم زەویان لەم شارە داگیرکرد و سلێمانیان کرد بە شاری جەمەلۆن و مەغزەن”.
عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد جەختیش دەکەنەوە لەکاتی دادگاییکردنیاندا بەڵگەکان دەخەنەڕوو، “ھەموو شت لەبەردەم دادگا دەسەلمێنین، بە وردەکاری زۆر و ناوھێنانەوە، ھیوادارین دادگاش سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەمەش دوو بژاردە ھەیە، یان دادگا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و قسەکانمان دەسەلمێنێت یان بە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ حوکمی ئێمە دەدا، چونکە ھیچ سزای پێبژاردنێک نادەینە قاچاغچییەکان”.