غازێکی مەترسیدار ئاسمانی عێراق دەگرێتەوە

لڤین:
شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری دەدات لەوەی لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا غازێکی مەترسیداری ژەهراوی بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت.
سادق عەتیە، شارەزای دیاری کەشناسی عێراقی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، شەپۆلێکی گەورەی غازی دووەم ئۆکسیدی کبریت So2 بەرەو ناوچەی شام دێت، دواتریش بەرەو عێراق و تورکیا.
ڕوونیشیکردوەتەوە کە ئەو غازە گڕکانێک لە دوورگەی سیسیلی”Sicily” ئیتاڵیا ھەڵیداوەتە دەرەوە، کە شەوی رابردوو بۆ جاری حەوتەم چالاکبووە و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبێت.
ئەو شارەزا کەشناسییە جەختی لەوەشکردووەتەوە، غازی دووەم ئۆکسیدی کبریت ژەھراوییە ئەگەر لە ھەوادا زیاد بکات، هاوکات غازێکی بێ ڕەنگە و بۆنێکی تیژی ھەیە، بەشێوەیەکی سروشتی لە چالاکی گڕکانییەوە دروستدەبێت، ئەویش لە ئەنجامی شیبوونەوەی ماددە ئۆرگانییەکان، ھەروەھا لە رێگەی سوتانی کیبریتیشەوە دروستدەبێت.