ئاوات شێخ جەناب: هەرێم پابەند دەبێت بە رێککەوتنی بەغدادەوە

لڤین:
وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، جێبەجێکردنى یاسای بودجەی ٢٠٢١ پەیوەندى بە هەرێم و بەغدادەوە هەیە، بەڵام بەلاى هەرێمەوە دەتوانم بڵێم هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەوە.
ئاوات شێخ جەناب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد لەرووى سیاسیەتى نەوتییەوە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسى چاوخشاندنەوە بە گرێبەستى نەوتى و گرێبەستى کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەى نەوت و بە تێچوونى نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانى سکیورتیش لەژێر پێداچونەوەدان.
ئەو وتیشی: ئەوکارانە هەمووى لە بەرژەوەندى شەفافییەتە لە نەوتى هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەى ئەو چاکسازییەى حکومەتى هەرێم دەستى پێکردووە .
لەبارەى جێبەجێکردنى یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقەوە وتى “جێبەجێکردنەکەى پەیوەندى بە هەردولاوە هەیە، بەڵام بەلاى هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەوە”
ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێککەوتنەکە پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغداد ئاسایى دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەى لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دەربارەى هەرێم هەبوو کە کورد سەرچاوەى کێشەکانى ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکى دیکە پەیوەندییەکانى کورد لەگەڵ شیعە و سوننە ئاسایى دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی دیکە بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنى یاساى نەوت و گاز و یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو.
وەزیری دارایی هەرێم لەسەر پێدانی موچەی موچەخۆران وتی، پێدانی موچەی مانگانە بە فەرمانبەرانی هەرێم جێگیر بووە و ئەگەر بەغدا بەپێی رێککەوتنەکە بودجە رەوانەی هەرێم بکات دۆخی موچە باش دەبێت.