کابوسێکی یەک سەدەیی لە عەفرینەوە

لڤین: وەرگیراوە لە فەیسبووکی ئارام رەفعەت
ئێرە قوتابخانەیەکی عەفرینە. خوێندکارانی ئەم قوتابخانەیەی عەفرین لەگەڵ مامۆستاکەیان بەئاماژەی دەست رایدەگەیەنن کە بونەتە گورگە بۆرە.
چوار ساڵ لەمەوبەر، مەحاڵ بوو وێنەیەکی ئاوا ئازاربەخش بچێتە ئەقڵ و خەیاڵی هیچ کەسێک. تەنها دوای ٤ ساڵ داگیرکاری ئیتر کورد دەبێت ژەهرەکە نۆش بکات.
لە رامان لەم وێنەیەدا…
🔶 ئەم وێنەیە پەیامێکی ٢٠٠ ساڵی پێیە
چیرۆکی ١٠٠ ساڵ ژێردەستەیی و داگیرکردنی ئەقڵ و خاک و گۆڕینی رۆح و کەلتور و ئینتیمای کورد دەگێڕێتەوە و وێنای ١٠٠ ساڵی داهاتووشمان بۆ دەکێشێت.
🔶 لە ١٠٠ ساڵی داهاتوودا کورد نامێنێت
عەفرین تاکە کانتۆنی رۆژاڤا بوو کە زۆرینەی رەهای کوردبێت، نزیکەی ٩٥٪ی دانیشتوانی عەفرین کوردبوون. ئێستا دوای تەنها ٤ ساڵ ئەم رێژەیە بۆ ٣٠٪ دابەزیوە. کام شاری باشور، باکور، رۆژاڤا و رۆژهەڵات هەیە تەنها ٤٠ ساڵی تری ژێردەستەیی بەسە تا بەدەردی عەفرین بچێت.
🔶 داگیرکردنی خاک بێ داگیرکردنی ئەقڵ مەحاڵە.
مێژووی نەگریسی ٥٠٠ ساڵەی حوکمڕانی عوسمانی ئەوەمان پێدەڵێت لەهەرکوێیەک تورکەکان فەشەلییان هێنابێت لەوەی لەپاڵ داگیرکردنی خاکدا ئەقڵیش داگیربکەن لەوێ نەیانتوانیوە حوکمی نەگریسی خۆیان بەردەوام بکەن. یۆنان و بولغارستان و ئەلبانیا نموونەی ئەو حاڵەتەن. بە پێچەوانەوەش، لەهەر کوێیەکیش توانیبێتییان ئەقڵ و خاک بەیەکەوە داگیربکەن لەوێ ریشەیان داکوتاوە، کوردستان وەک نموونە.
🔶 قوتابخانە و پەروەردە گەورەترین ناوەندی داگیرکردنی ئەقڵە
کە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا کورد توانیویەتی تارادەیەک زمان و ناسنامە و رۆحی کوردبوونی خۆی بپارێزێت هی ئەوەبووە چوار داگیرکەرەکە هەوڵی بە جاهیل و نەخوێندەوار هێشتنەوەی کوردی داوە. ستراتیژی چوار داگیرکەرەکە گۆڕاوە و بۆ ئەسیمیلەکردن لە رێگای خوێندنەوە. خوێندن بەزمانی ئەوی تری فارس و عەرەب و تورک، خوێندنی مەنهەجی قوتابخانەکانی ئەوی تر رێک کورد دەکاتە ئەوی تر. ١٠٠ ساڵی داهاتوو کورد لەسەر کورسییەکانی خوێندنگا دەبێتە ئەوی تری فارس و عەرەب و تورک.
🔶چیرۆکە غەمبارەکەی کۆبانێ و نیگا تاسەبارەکانی ئەم وێنەیە
لە ٢٠١٣دا کۆمەڵێک (٣٠ تا ٤٠) خوێندکاری شەشی سەرتایی کۆبانێ دەچنە حەڵەب بۆ تاقیکردنەوەی گشتی. لەرێگا چەتە سورییەکان بەبارمتە دەیانگرن و دوای چەند مانگێک شەڕڤانان ناچاربوون کۆمەڵێک چەتە و پیاوکوژی سوری بەرەڵا بکەن لەبەرامبەر ئازادکردنی خوێندکارەکان. یەکەم خوێندکار کە ئازادکرا و لەماڵی باوکی و لەبەردەم کامیراکاندا گوتی کورد کافرن و کوشتنییان حەڵاڵە و موجاهیدانی سوری لەسەر حەقن.
ئەم ئاماژەی گورگە بۆرەییەی ناو ئەم وێنەیە (هەرچەندە بەپێی دیموگرافیا بێت هەر سێیەکی ناو وێنەکە کوردن) ئەوەمان پێدەڵێت کە داگیرکەری تورکی-عەرەبی لە عەفرین، هاوشێوەی خوێندکارە بارمتەگراوەکەی کۆبانێ، چ جیلێکی دژە کوردی پەروەردە دەکەن.
🔶 وێنەیەک بۆ تێگەییشتنی کوردەبۆرەکانی باشور
بێننە پێشچاوی خۆتان دوای ١٠ ساڵ ئەمانەی لەم وێنەیەدا دەرکەوتوون کۆمەڵێک گەنجی تا چ رادەیەک ئەقڵ داگیرکراو کەسایەتی تێکشکاون. دوای ١٠ ساڵی تر ئەمانەش هاوشێوەی کوردەبۆرەکانی باشور، کۆمەڵێک گەنجی وەها ئەقڵ و کەسایەتی تێکشکاون کە هەموو شتەکان بە پێچەوانە و لە دیدگای داگیرکەرەوە ببینن. بۆ نموونە، ژێردەستەیی بە “پێکەوەژیان” و داگیرکەر “بە حوکمڕانی نیشتیمانی” و خەباتی کورد دژی ستەمی نەتەوەیی بە “فاشیزم و کەرەکەری کوردایەتی” لەمێشکییاندا دەچەسپێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button