سیاسەت، ویژدان و پیاھەڵدان

ئەو کەسانەی کە ھیچ لە سیاسەت نازانن و لە عەینەکی (نەھیلیستی) خۆیانەوە سەیری دونیا ئە کەن، سیاسەت بە بێ ئەخلاقی پێناسە ئەکەن. بەم کردەوەیەش، بە بێ پێشکەشکردنی بەدیلی (سیاسەت)، نائومێدی لەناخی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمانا ئەچێنن.

لە وڵاتی ئێمە ھەژماری ووتارنووسان لە ھەڵکشانایە. کێن ئەمانەی وتار ئەنوسن؟ بۆ ئەینوسن؟ پەیامیان چییە؟

حەز ئەکەم بە دوو نموونە باس و خواستێک لەسەر ئەم پرسیارانە بکەین.

لە ماوەی ھەفتەیەکدا دوو پێشھاتی سیاسی بازاڕی ھەواڵەکانی کوردستانی قۆرخ کرد. یەکێکیان کۆبونەوەی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بوو. ئەوەی تریشیان تێپەڕاندنی میزانییە لە پاڕلەمانی عێراق. ئەم دوو پێشھاتە ھەردوکیان بۆ عەقڵی سیاسی،  گرنگی خۆیان ھەیە. سەرۆکی ھەرێم نوێنەرایەتی گەلی کوردستانی عێراق ئەکات. گەلێکی بێ دەوڵەت و پەرتەوازە و سەراپا پڕاو پڕ لە گێچەڵ. لەوانەیە سەردانی بەڕێز ڕۆحانی (سەرۆک کۆماری ئێران) بۆ کۆشکی ئێلیزێ شتێکی ئەوەندە عەجایب نەبێت. چونکە ئێران دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام سەردان و دەعوەتی سەرۆکی گەلێکی بێ دەوڵەت نەک ھەر جێگای ھەڵوێستەیە، بەڵکو ئەبێت ختوکەی فیزی بیروباوەڕی نەتەوایەتیشمان بدات.

کاردانەوەکان لەسەر ئەم سەردانە جیاواز بوون (ھەر وەک ھەمیشە). ھەندێک کەس ھەستان بە نوسینی وتاری پیاھەڵدان و نوسینەوەی شیعر و شانامە، بە مەبەستی خۆ بردنە پێشەوە و وەرگرتنی ئیمتیازێک یان دوان. بە بێ ئەوەی ھیچ قووەتێکی تەحلیلی سیاسی و عەقڵانی لە نوسینەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە. ھەندێکیتر سەردانەکەیان بچووک کردەوە و لە پایەی سەردانەکەیان کەم کردەوە، ئەویش لە سۆنگەی ڕق و کینە و بێ عەقڵی خۆیانەوە.

تێپەراندنی قانونی میزانیەی عێراق لە پارلەمان پێشھاتەیەکی تر بوو، کە بە ھەموو پێوەرەکان تۆماری سەرکەوتن بوو بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم سەرکەوتنە لە ئاکامی ھەوڵ و ماندوو بوونی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و جێگرە بەڕێزەکەی و ئەندامە بەڕێزەکانی لیژنەی دانوسانکار بوو. دیسانەوە ھەندێک ووتار نووس دەستیان کرد بە پیا ھەڵدان و، ھەندێکیتر ھیچ بایەخێکیان بۆ شەونخونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و دیپلۆماتکارانی کورد نەھێشتەوە.

تێبگەین مەسەلە ئەسڵیەکە چیە؟ئەگەر بەغدا ئیھمال ئەکەین، پێمان ئەڵێن ئەمانە کێشە دروست ئەکەن! ئەگەر لەگەڵ بەغدا سیاسەت ئەکەین، ئەڵێن لە سەربەخۆیی پاشگەز بونەتەوە! ئەگەر ئەڵێین سەرۆکی ھەرێم ئەچێت بۆ فەڕەنسا، ئەڵێن ئینجا ئەوە بایەخی چیە! ئەگەر سەرۆکی ھەرێم پردی دیپلۆماسی دروست ناکات، ئەڵێن لوت بەرزن و لە سیاسەت نازانن!

سیاسەت بینینی واقیعە وەک خۆی، بە بێ ڕوتوشکردن. نوسینی سیاسی پێویستی بە عەقڵی تەحلیلی، ویژدان و ڕاستگۆیی ھەیە. فارس ئەڵێن:

کار ھرکس نیست خرمن کوفتن

گاو نر میخواھد و مرد کھن

پێویستە لەو ڕاستیە تێبگەین کە سیاسەت و نوسین، ئیشی ھەموو کەسێک نیە، گەر ناتوانی قسەی مەعقول بکەیت، باشترین شت ئەوەیە بێدەنگ بیت. بۆ ئەوەی ھیچ نەبێت، گەر ناتوانی گوڵ بیت، نەبیتە دڕکێکی ئیزعاج و بێ لەزەت. تەحلیلی سیاسی لەسەر بنەمای مەنتیق و، بۆچونی ڕەخنەگرانەی عەقڵانی دینامۆی پێشکەوتنی ھەر کۆمەڵگایەکن، نەک ماستاو ساردکردنەوە و بوغز و کینە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button