لە سلێمانی هێرش دەکرێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێک
لڤین:
لە سلێمانی چەند جارێکە هێرش دەکرێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێک و هەڕەشەی لێدەکرێت، سەنتەری میترۆش بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکات لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە دەبکەن و ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، ڕایگەیاند، “لە ماوەی مانگێكدا چەند جارێكە كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس، محەمەد فاتیح حامید و دەرگای ماڵەكەیان شكاندوە و هەڕشەشیان لێكردوە”.
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە بە رەسمی و نا رەسمی ئاگاداری لایەنی ئەمنی ناوچەكەی كردووە و پێیان وتووە کە “ئەو دەستدرێژییانە پەیوەندی بە كارەكەیەوە هەیە”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
داوای لێكۆڵینەوەی جدی و بە پەلە دەكەین
سلێمانی،3ی نیسانی 2021: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان داوا لە دامەزراوەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكات، لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە دەكەین لە رووداوی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنووس (محەمەد فاتیح حامید) و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات.
ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمان كرد لە بێژەر و هەواڵسازی رادیۆی نەوا (محەمەد فاتیح حامید)، كە بەمەبەستی ئاگاداركردنی سەنتەر لەو دەستدرێژییەی دەكرێتە سەر ماڵیان سەردانی كردین.
محمد فاتیح پێی راگەیاندین لەماوەی مانگێكدا چەند جارێك كۆمەڵێك هەرزەكار (کە لە کامێرای ماڵەکەیدا دەرکەوتوون) شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵەكەی كە دەكەوێتە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی و بە پێ لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیدا و دەرگای ماڵەكەیان شكاندوە و هەڕشەشیان لێكردوە وتی “چەند جارێك بە رەسمی و نا رەسمی ئاگاداری لایەنی ئەمنی ناوچەكەم كردووە” جەختیكردەوە “پێیان راگەیاندووم كە ئەو دەستدرێژییانە پەیوەندی بە كارەكەمەوە هەیە”
بە پێی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بۆ میترۆی هێناوە كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵەكەی كە دەكەوێتە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی و بە پێ لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیدا و دەرگای ماڵەكەیان شكاندوە و هەڕشەشیان لێكردوە.
بە پێیی قسەكانی ئەو رۆژنامەنوسە ماوەی مانگێك زیاترە ئەم دەستدرێژیە بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامە و سێ جار ئاسایشی ئاگاداركردوەتەوە و لەدوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دانانی كامێرای چاودێری، بەهەمان شێوە دەستدرێژی بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامە و لەئێستادا ژن و منداڵەكانی توشی ترس و دڵەڕاوكێ بوون.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان پشتیوانی لە رۆژنامەنوس (محمد فاتیح) دەكات، داوا لە دامەزراوەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە بكات لە رووداوی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنوس (محمد فاتیح حامید) و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات.
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگو ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگو ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی Intenews ، جێبەجێدەكات.