کێ لە پشت ڕاگرتنی نەوتەکەی گەرمیانەوەیە؟

لڤین: شیکاری

بەهۆی ململانێی چەند کۆمپانیایەک لەسەر تەندەری گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی حەسیرەی گەرمیان، هەناردەکردنی ٣٣ هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی هەرێم کەمی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا شۆفێرانی تانکەرانی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکە مانیان لەکارەکانیان گرتووە.

کێڵگەی نەوتیی حەسیرەی گەرمیان لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت توانای بەرهەمهێنانی ٣٠ تا ٣٣ هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە، ماوەی چوار ساڵە کۆمپانیایەک بەناوی بلاك پوڵ  تەندەری گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکە وەردەگرێت، ئێستا دوو ساڵی دیکەی بۆ درێژکراوەتەوە ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە.

نەوتی حەسیرە راستەوخۆ بە بۆری نەوتیی کوردستانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو لە رێگەی تانکەرەوە نەوتەکەی دەبرێتە کێڵگەی نەوتی خوڕمەڵەو لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

مانگرتنی شۆفێری تانکەرەکان بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوەیە کە کۆمپانیای بلاک پوڵ بە نیازە کرێی گواستنەوەکەیان بۆ کەمبکاتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا بابەتەکە پەیوەندی بە ململانێی کۆمپانیاکان بۆ وەرگرتنی تەندەری گواستنەوەی نەوتەکەیە، لە پشت کۆمپانیاکانیش ململانێی بەرپرسەکانە،

بلۆکی نەوتیی گەرمیان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندایە، ئەو کۆمپانیایانەی کاری گواستنەوەی سووتەمەنی لە سنووری یەکێتی دەکەن سەر بە بەرپرسەکانی یەکێتین، ئەو بەرپرسانە رێگە نادەن تەندەرەکان بەشێوەی یاسایی بدرێن بە کۆمپانیاکان تا کەمترین خەرجی لەسەر حکومەت بکەوێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی لڤین، ئەمە بەشێکە لەو بەهەدەردانە سیستماتیکییەی لە کەرتی نەوتیی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، واتە تەنیا لە ٣٣ هەزار بەرمیل نەوتدا پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەیەدا بەهەدەر دەرێت کە مانگانە بە نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی لڤین، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیای بلاک پوڵ دوای وەرگرتنی تەندەری گواستنەوە نەوتی بلۆکی گەرمیان، جارێکی تر تەندەرەکەی بە دەستی دوو داوەتەوە کۆمپانیایەک بە ناوی كیپ ئۆف ئۆیل، بەوشێوەیە کۆمپانیای بلاک پوڵ تەنها لە وەرگرتنی گرێبەستەکەدا داهاتێکی گەورەی کۆکردووەتەوە بێ ئەوەی هیچ بڕە نەوتێک بگوازێتەوە.

کرێی گواستنەوەی نەوت بە تەن هەژمار دەکرێت، بەوپێیەش بۆ هەر تەنێک لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٣٦ دۆلار لە داهاتی نەوت دراوەتە کۆمپانیای بلاک پوڵ، هەر تەنێک نەوت لە حەوت بەرمیل پێکهاتووە، بەوەش بۆ ٣٣ هەزار بەرمیلی رۆژانە  زیاتر لە چوار هەزار و ٧١٤ تۆن نەوت گوازراوەتەوە کە کرێکەی رۆژانە نزیکەی ١٧٠ هەزار دۆلار بوو، لە مانگێکیشدا پێنج ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.

واتە تەنها لە گواستنەوەی نەوتی بلۆکی گەرمیان لە کێڵگەی حەسیرەوە بۆ کێڵگەی خوڕمەڵە مانگانە زیاتر لە پێنج ملێۆن دۆلار لە داهاتی نەوت خەرج کراوە کە ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دۆلار دەکات، ئەمە تەنها بۆ ٣٣ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.

ئێستا حکومەتی هەرێم توانای هەناردەکردنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە بۆیە قەبارەی بەهەدەردان لە کەرتی نەوتدا یەکجار گەورەیە.

ئەمە یەکەمجار نییە لەسەر تەندەری گواستنەوەی سووتەمەنی کێشە لە نێوان کۆمپانیاکان دروست دەبێت، ساڵی ڕابردووش بەهۆی کێشەیەکی هاوشێوەوە ماوەی مانگێک دابینکردنی غازی ماڵان کێشەی بۆ دروست تا دواجار بە ریککەوتنی بەرپرسانی پشتەوەی کۆمپانیاکان کێشەکە چارەسەر کرا.

پەیوەندیدار بە کێشەی راگرتنی هەناردەی نەوت لە بلۆکی گەرمیان،  ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی ئیدارەکردنی تەندەری گواستنەوەی نەوتی ئەو بلۆکە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ کۆمپانیای گازپرۆم گوازراوەتەوە، هەر بۆیە لە کۆتایی ساڵدا کۆمپانیا رووسیەکە کەمکردنەوەی لە نێوان ١٥ کۆمپانیا ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ لڤین کردووە رایگەیاند یەکێک لە کۆمپانیاکان بە ناوی جیهانگیر بە نرخێکی یەکجار کەم تەندەرەکەی بۆ دەرچووە کە ١٦ دۆلار بووە بۆ هەر تەنێک، ئەوە بووەتە جێگەی گومانی کۆمپانیا بەشدارەکان بەوپێیەی ئەو نرخە کەمترە لەو کرێیەی کە بۆ شۆفێری تانکەرەکان بۆ هەر تەنێک خەرج کراوە.

ئێستا ماوەی دوو ڕۆژە کۆمپانیای گازپرۆم کۆمپانیاکانی ئاگادارکردووەتەوە کە کۆمپانیای جیهانگیر ناتوانێت پابەند بێت بە گرێبەستەکەوە بۆیە تا ٢٠٢٣ تەندەرەکە دەداتەوە بە کۆمپانیای بلاک پول، ئەم کۆمپانیایەش ئامادە نییە جارێکی تر بە دەستی دوو تەندەرەکەی بفرۆشێتەوە.

دۆسیەی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناشەفافترین دۆسیەیە کە تا ئێستاش حکومەت نەیتوانیوە ئیدارەی بدات، بەڵکو کەوتووەتە ژێر دەستی ژمارەیەک کۆمپانیای حیزبی و بنەماڵەیی، ئەوەش وایکردووە لەو نیو ملیۆن بەرمیلەی رۆژانە هەناردەی دەکات   هەناردەکراو نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرەکانی  پێ دابین بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button