بودجەی عێراقی ۲٠۲۱، چی بۆ (خەڵك)ی کوردستان تێدایە؟

ئەو بڕگانەی پەیوەندی بە (خەڵك)ی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لەیاسای بودجەی ۲٠۲۱ تەنها ئەمانەیە:

یەکەم:

ماددەی (۱٠) بڕگەی (یەکەم)، کە تیایدا هاتووە:

(پشکی هەرێمی کوردستان بەپێ داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی دیاریدەکرێت).

سودی ئەمە ئەوەیە پشکی هەرێم لە (۱۲.٦۷٪) دەبێتە (۱۳.۹۳٪)، لەوەدا رێژەی پشکی هەرێم زیاد دەکات.

ئەم بابەتە لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە.

دووەم:

ماددەی (۱۱) بڕگەی (دووەم/ج) کە تیایدا هاتووە:

(دەبێ هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی بداتە حکومەتی عێراقی و دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش وردبینی تیادەکات).

سودی ئەمە ئەوەیە کە لانی کەم بەشێکی داهاتی نانەوتی ڕوونبکرێتەوەو ئەو ناشەفافیەتەی کە تیایدایە کەمبێتەوە، هەروەها پارێزگاکانیش داهاتێکی تایبەت بەخۆیان بۆ تەرخاندەکرێت. چونکە ئەو نیوەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاکە تەرخاندەکرێت.

سێیەم:

ماددەی (۱۱) بڕگەی (سێیەم) کە تیایدا هاتووە:

(پێویستە هەرێمی کوردستان لیستی داتای ناوو پلەو رەگەزو ناونیشانی وەزیفی هەموو مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازی بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ، دواتریش دیوانی چاودێری دارایی عیراق وردبینی راست و دروستی بۆ دەکات).

ئەم بڕگەیە لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوەو سێ سودی هەیە:

  1. هەوڵێکە بۆ شەفافکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم کە بندیوارێکی بێشوماری تێدایە.
  2. لەساڵی (۲٠۱۱)وە لیستی موچەخۆرانی هەرێم لەبەغدا تەنها (٦۸۲٠۲۱) موچەخۆرە، بەڵام ئەمجارە ژمارەکە بەرزدەبێتەوەو ساڵانەش بەپێی ئەو ژمارە نوێیە پشکی هەرێم دیاریدەکرێت.
  3. لەهەنگاوەکانی داهاتوودا بۆ بردنەپێشەوەی پێدانی راستەوخۆی مووچە لەلایەن عیراقەوە، کارئاسانییەکی گەورەیە.

چوارەم:

ماددەی (۱۱) بڕگەی (چوارەم)، کەتیایدا هاتووە:

(هەر پارەیەك لەبەغداوە دێت بۆ هەرێم پێویستە پێش هەموو شتێك بۆ مووچە بەکاربهێنرێت).

ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەڵگرتنی لێبڕینی مووچەی سەپێندراو بەسەر مووچەخۆرانی کوردستاندا.

ئەم بڕگەیەش لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە.

پێنجەم:

لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیواو فراکسیۆنی یەکێتی ماددەیەکی نوێ زیادکرا کە تیایدا هاتووە:

(پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مووچەخۆرانی فەرمانگە فیدراڵیەکانی رەگەزنامە و باری شارستانی و بەنداوو کەشناسی هەرێم بگەڕێنێتەوە سەر حکومەتی فیدراڵ و راستەوخۆ مووچەکانیان پێ بدرێت).

ئەمەش چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی مووچەی فەرمانگە فیدراڵیەکانە کە راستەوخۆ مووچەی فەرمانگەکان لەلایەن بەغداوە دەدرێت.

شەشەم:

لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و لە بڕی (٤) ترلیۆن دیناری تەرخانکراو بۆ هەموو عێراق، بڕی (۱۳.۹۳٪) بۆ پارێزگاکانی هەرێم دێت.

حەوتەم:

ساڵانە لەنێو پرۆژەی بودجە لەدەرەوەی پشکی هەرێم و پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕێك پارە بۆ پرۆژەی مامناوەند لە پارێزگاکان تەرخاندەکرێت، لەم پرۆژەیەدا زیاتر لە (٥٠) ملیار دینار بۆ پارێزگاکانی هەرێم تەرخانکراوە.

ئەم بڕگەیەش لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە.

هەشتەم:

لەماددەیەکی زیادکراودا بەپشتبەستن بە ماددەی (۱٠٦)ی دەستور، بڕیاردرا (دەستەی چاودێری دابەشکردنی داهاتە فیداڵیەکان) دروست بکرێت، کە بەهۆیەوە پێویستە داهاتی  هەرێمیش لەلایەن ئەو دەستەیەوە لەژێر چاودێریدا بێت.

نۆیەم:

لەماددەیەکی زیادکراودا هاتووە کە حکومەتی عیراق پێداچونەوە بەهەمو گرێبەستە نەوتییەکاندا دەکات لە سەرانسەری عیراقدا.

هەندێ لەم بڕگانە دەبنە بنەمای کاریگەر بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییەکان لە قۆناغی داهاتو. بەڵام بڕگەکانیتری پەیوەندیدار بەهەرێمەوە زۆر پەیوەندییان بە (خەڵك)ەوە نیە.


د.رێبوار کەریم مەحمود

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button