دەرگای مزگەوتەكان لە ئەمڕۆوە دادەخرێن

لڤین:

لە ئەمڕۆوە دەرگای مزگەوتەكانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 10ی ئەم مانگە دادەخرێن، ئەوەش بە بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سەرجەم شوێنە ئایینییەكان لە (مزگەوت، تەكیە، كڵێسا، پەرستگە) و هەموو شوێنە ئایینییەكانی دیكە لە ئەمڕۆ 1-4-2021 تاوەكو 10ی ئەم مانگە دادەخرێن.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە رێگە بەهیچ بۆنەو كۆبوونەوەیەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو شوێنانە نادرێت، هاوشێوەی ناوەندەكانی خوێندن و شوێنەكانی دیكە كە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە داخراون.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا داوا لە مامۆستایانی ئایینی و نوێژخوێنان و لە هەموو ئایینەكان كراوە، لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان بە ئەركی خۆیان هەڵبستن، ڕوونیشیکردوەتەوە کە بڕیارەكە لەبەر زیادبوونی رێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دراوە و بۆبەرژەوەندی و سەلامەتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button