نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

لڤین:
بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئەو هەنگاوە بە سەرەتایەكی باش و هاندەری چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێم و ناوەند ناودەبات، هاوکات دەستخۆشیی “تایبەت” لە قوباد تاڵەبانی و شاندەکەی و فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەکات.
دوای پەسەندکردنی بودجە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا، پیرۆزبایی له گه‌لی عێراق و دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی و هەموو فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات.
لە پەیامەکەیدا هاتووە: هەوڵەكانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و رێككه‌وتن، بە مایه‌ی رێز و سوپاس ناودەبات و رایدەگەیه‌نێت: “بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانی و ئاینده‌یه‌كی باشتر، عێراقپێویستی به هاریكاریی هاوبه‌ش و كاری پێكه‌وه‌یی هه‌یه و ده‌بێ هه‌موومان پشتیوانی له‌و ئاراسته‌یه بكه‌ین”.
نێچیرڤان بارزانی، ده‌ستخۆشییه‌كی تایبەت لە قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری حكومەت دەكات كە “له‌گه‌ڵ ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان به پشوودرێژی و سه‌ركه‌وتووانه دانوستاندنێكی سەختیان تێپەڕاند”.
هەروەها دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ده‌کات كە “هاوكار و پشتیوانی یەكتر و شاندی حكومەت بوون بۆ جێگیركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عیراقدا”.
نێچیرڤان بارزانی هیوادارە هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی یاساكە بن و دەڵێت: “په‌سه‌ندكردنی بودجە دەتوانێت سەرەتایەكی باش و هاندەری چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ بێت”.
ده‌شڵێت: “جێبه‌جێكردنی یاساكه دەبێته هۆی بەهێزكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێكه‌وه‌ژیان و چەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەمووان، دەرگای گفتوگۆیەكی بەرهەمدار بۆ هەموو لایەنەكان ده‌كاته‌وه تا پێكه‌وه له‌پێناو سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكه‌وتنی وڵات‌دا كار بكه‌ن”.
درەنگانێکی شەوی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆساڵی 2021ی پەسەندکرد.