لاهور شێخ جەنگی:

 پەسەندکردنی یاسای بودجە سەرەتایەکە بۆ راستکردنەوەی پەیوەندییەکان

 

لڤین:

هاوسەرۆکی یەکێتی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١رایگەیاند، سەرەتایەکە بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و راستکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند: دوای هەوڵ و فشارێکی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەکانمان گەیشتە ئەنجام و توانرا پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بکرێت.

ئەو پەسەندکردنی یاسایەکە بە سەرەتایەکی گرنگ دەزانێت “بۆ راستكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانی نێوان ‌حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا”.

هاوسەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: سەرەتایەکە بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاوڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی، کە ماوەیەکی زۆرە له‌ چاوه‌ڕوانی ئاسۆیه‌كی گه‌شدا ماونەتەوە. ئەم دەستکەوتە دیاری و چەپکە گوڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.

لاهور شێخ جەنگی سوپاسی تیمی دانووستانی ‌‌‌‌حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنی سەوز و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و دەڵێت: بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی ده‌كه‌م کە هاوڕا له‌گه‌ڵ ئێمه، بەردەوام جەختیان لەوە كردۆته‌وه کە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمان، تاكه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ردوولا رێكبكه‌ون.

لە پەیامەکەدا سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراقیانەشی کردووە کە پشتیوان و هاوکارمیان بوون لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی كوردستان.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هیواداری خواستووە ‌”حکومەتی هەرێم و ‌حکومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێککەوتنی نێوانیان وەک ئەوەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر کراوە و دەنگی لەسەر دراوە و پارێزه‌ری ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی كوردستان و عێراقه”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button