وتەبێژی حکومەت لەسەر قسەکانی هاوڕێ مەلاستار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لڤین:

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قسەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی وتی، ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

جوتیار عادل،  لە بارەی قسەکانی هاوڕێ مەلا ستار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەداخەوە کەسانێک هەیە خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کاردەهێنن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەکێتی دەستەواژەی حکومەتی مێینە و مۆدێلی بەکار هێنا میدیا و فراکسیۆنی پارتی هێرشی توندیان کردە سەر ئەو پەرلەمانتارە و دواتریش خۆی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا وتی هەوڵدەدرێت بەو شێوەیە تۆڵەم لێ بکرێتەوە کە پێشتر قسەم لەسەر گەندەڵی و خراپەکاریەکان کردووە.

جوتیار عادل لە راگەیەنندراوێکدا دەڵێت: ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە بێ ئەوەی ئاماژە بە رووداوی پێڵاو تێگرتنەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوی بکات دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە. چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگری لە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن.

دوای ئەو قسەیەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی یەکێتیە بڕیاریدا قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە پڕۆتۆکۆل بسڕێتەوە و جیگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش داوای لێبوردنی کرد، پەرلەمانتارەکەش لە کۆنگرەیەیکی رۆژنامەوانیدا جگە لە داوای لێبوردن روونیکردەوە هەوڵ دەدرێت تۆڵەی لێ بکرێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button