ئینستیوتی پەی: دەستەی دەستپاکی لە تەمەنی خۆیدا بەرپرسی باڵای نەداوە بە دادگا

لڤین:

ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی دەستیە دەستپاکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: یاسای ئەم دەستەیە وەك پێویست جێبەجێنەكراوەو دەستەی دەستپاكی نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت.

راپۆرتەکەی پەی چەندین خاڵی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە  “دەستە هیچ بودجەیەكی بۆ تەرخان نەكراوەو بەڵكو چاوی لەدەستی حكومەت و وەزارەتی داراییە ئەگەر بڕێك بودجەی بۆ دیاری بكات” لە کاتێکدا دەبوو بودجەی تایبەت بەخۆی هەبوایە.

ئەو راپۆرتە ئەوەشی راگەیاندووە یەكێك لە هۆكارەكانی جێبەجێ‌ نەكردنی یاسای دەستەکە “ئەوەیە كە زۆرینەی فەرمانبەران و بەرپرسانی ئەم ولاتە بەجۆرێك پارێزبەندی (حصانە)یان هەیە” بۆ ئەوەش نمونەی پەرلەمانتار و هێزە ئەمنیەکانی هێناوەتەوە.

ئەوشی ئاشکرا کردووە دەستەکە لەماوەی تەمەنی خۆید هیچ بەرپرسێكی باڵای نەداوە بە دادگا تەنها بەدوای بەدواداچونەوەیە بۆ دۆسیەی بچوکی گەندەڵی.

 

دەقی راپۆرتەکەی پەی:

 

دەستەی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستان

لەنێوان پەیوەستبوون بە یاساو پێشێلكاریدا

“راپۆرتی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان”

دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی 2011 كار دەكات و ساڵی 2014 بەپێی یاسای ژمارە (7) هەمواركراوە، هەروەك لە مادەی (دووەم)ی یاساكەدا هاتووە: “بەپێی ئەم یاسایە دەستەیەك بەناوی (دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان – عێراق) دادەمەزرێ، خاوەن كەسایەتیی مەعنەوی سەربەخۆی دارایی و كارگێڕییە و بودجەیەكی سەربەخۆی هەیە و لەژێر چاودێری پەرلەماندایە”.

سەرنج:

ئەوەی تێبینی دەكرێت یاسای ئەم دەستەیە وەك پێویست جێبەجێنەكراوەو دەستەی دەستپاكی نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت:

یەكەم: لە مادەی (دووەم)ی یاساكەیاندا هاتووە كە: بەپێی ئەم یاسایە دەستەیەك بەناوی (دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان – عێراق) دادەمەزرێ، خاوەن كەسایەتیی مەعنەوی سەربەخۆی دارایی و كارگێڕییە و بودجەیەكی سەربەخۆی هەیە و لەژێر چاودێری پەرلەماندایە. كەچی دەستە هیچ بودجەیەكی بۆ تەرخان نەكراوەو بەڵكو چاوی لەدەستی حكومەت و وەزارەتی داراییە ئەگەر بڕێك بودجەی بۆ دیاری بكات تا كارەكانی پێ بكات، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر سەربەخۆیی دەستەی دەستپاكی هەیە.

دووەم: لە ماددەی سێیەمی یاسای دەستەی دەستپاكیدا ئامانجەكانی دروستكردنی دەستەكە لە سێ بڕگەدا خراونەتە روو، ئایا دەستە توانیویەتی كامە ئامانج بەدی بێنێت؟ كە ئەمە ئامانجەكانن:

1-بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و خۆپاراستن لێی.

ئەوەی تێبینی دەكرێت، سەرباری بوونی یاسا و دامەزراوەیەكی گرنگی وەك دەستەی دەسپاكی، رۆژ بەرۆژ لە هەرێمی كوردستاندا دیاردەی گەندەڵی زیاتر تەشەنەی كردووەو و قەبەتریش بووە. بۆیە دەكرێ بپرسین كامە خۆپاراستن لە گەندەلی پیادەكراوە؟.

2-پاڵپشتكردنی پرەنسیپەكانی دەستپاكی، شەفافیەت، لێپرسینەوەو بەرجەستەكردنی پرەنسیپی سەروەری یاسا.

ئەوەی تێبینی دەكرێت لە هەرێمدا شەفافیەت بەدی ناكرێت، لێپرسینەوە نیە لەوانەی كەمتەرخەمن لە ئەركەكانیانداو مولكی گشتی بەهەدەر دەدەن، پرەنسیپی سەروەریی یاسا لەهەرێمدا بەرجەستە نەكراوەو، بەپێچەوانەوە رۆژانە زۆرترین پێشێلكاری یاسایی دەكرێت.

3-هەڵسەنگاندن، راستكردنەوە، پەرەپێدانی كار و رەفتاری وەزیفی، ستاندەرەكانی راژەی گشتی، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی و ئاسانكاریی رێكارەكان.

ئەوەی تێبینی دەكرێت رێكاری یاسایی پەیڕەونەكراوەو ستانداردەكانی راژەی گشتی لەبەرچاو نەگیراون، هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی لاوازە، رێكارەكان تادێت نەك ئاسانكاریان تیادا نەكراوە بەلكو قورس تریش بوون، رۆتین نەك كەم نەبۆتەوە بەلكو زیاتریش بووە.

سێیەم: لە خاڵی (3) ی بڕگەی (هەشت) ی مادەی (پێنجەم)ی یاساكەدا باس لەوانە دەكات كە حوكمەكانی ئەم یاسایەیان بەسەردا پیادە دەبێت، تیایدا هاتووە:

دەرخستنی بەرژەوەندییە داراییەكان هەریەك لەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

ا-سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی.

ب-سەرۆكی پەرلەمان و جێگر و سكرتێر و ئەندامەكان.

ج-سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی.

د-وەزیرەكان و ئەوانەی بەپلەی وەزیرن و بریكاری وەزیرەكان.

ه-سەرۆكی دەستەی دەسپاكی و جێگرەكەی و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دەستەو لێكۆلەرەكانی.

و-خاوەن پلە تایبەتەكان و بریكار و یاریدەدەرەكانیان.

ز-بەڕێوەبەری گشتی و یاریدەدەرەكانیان.

ح-دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی و سەرپەرشتیارە دادوەرییەكان و لێكۆڵەرەكان.

ت-ئەفسەرانی پاسەوانی هەرێم و ئاسایشی ناوخۆ لەپلەی موقەدەم بەرەو سەرەوە و ئەو ئەفسەر و مفەوەزانەی كاری لێكۆلینەوە دەكەن.

ی-پارێزگار و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنەكانی پارێزگا و قەزاو ناحیە و سەرۆكی شارەوانییەكان و ئەندامانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی.

ك-هەر كەسێك پۆستێكی مەدەنی یان سەربازی هەبێت لەسەرەوە ناوی نەهاتبێ و دەستە بە پێویستی بزانێ كەوا راپۆرتی دەرخستنی دارایی بیگرێتەوە، بەپێی رێنماییەك كە بۆ ئەم مەبەستە دەردەچێت.

ئەوەی تێبینی دەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی جێبەجێ‌ نەكردنی ئەم یاسایە ئەوەیە كە زۆرینەی فەرمانبەران و بەرپرسانی ئەم ولاتە بەجۆرێك پارێزبەندی (حصانە)یان هەیە، وەك: پەرلەمانتار و وەزیر و پارێزەران و پیاوانی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و رۆژنامەنوسان و …هتد كە ناتوانرێت بەبێ رەزامەندی مەرجەعەكەیان بانگ بكرێنە بەردەم دادگا و لێكۆلینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و دەزگاكانیشیان زۆر بە زەحمەت رەزامەندی نادەن.

چوارەم: لە مادەی (پێنجەم)ی یاساكەدا ئەركەكانی دەستە بە وردی دەستنیشانكراون. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت وەك پێویست نەتوانراوە بەشی زۆری ئەم ئەركانە جێبەجێ‌ بكرێن. تا ئێستا بەرپرسێكی باڵا بە پلەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی نەدراوە بە دادگا، ئەمە جگە لە سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران.

یەكێك لەو سێكتەرانەی گومانی لەسەرە كە گەندەڵی تیادایە بواری نەوت و گاز و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە كە زۆرترین قسە هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلایەن دەستەی دەستپاكیەوە هیچ كارێكی لەسەر نەكراوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەلایەن حكومەت و بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە هیچ زانیاری و داتایەكی دروست بە دەستەی دەستپاكی نەدراوە.

پێنجەم: لە مادەی (حەوتەم)دا هاتووە كە “ماوەی خزمەتی سەرۆك چوار ساڵە و بۆ یەك جار قابیلی تازە كردنەوەیە”. بەڵام سەرۆكی ئێستای دەستە رۆژی 13/5/2013 بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەڵبژێردراو سوێندی یاسایی خوارد و رۆژی 28/5/2013 دەستبەكار بووە، نزیكەی سێ ساڵ و نیوە ماوەی سەرۆكایەتی بەرێزیان لەدەستە بەپێی یاسا تەواو بووە، بەڵام تا ئێستاش نە ماوەكەی بۆ درێژكراوەتەوە بەپێی یاساو نە كەسێكی تریش لە شوێنی دانراوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە دەبێت پەرلەمان بەئەنجامدانی ئەم كارە هەلسێت، كەچی نەیكردووە.

شەشەم: بەپێی بڕگەی چوارەم لە مادەی (دەیەم) “دەبێت هەر شەش مانگ جارێك دەستە راپۆرت پێشكەش بە پەرلەمان بكات یان هەر كاتێك پێویست بكات”، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا دەستە ساڵی یەك راپۆرتی پێشكەش بە پەرلەمان كردووە، (سەرباری تێبینی لەسەر راپۆرتەكانیش) ئاخۆ پەرلەمان تا چەند كاری لەسەر راپۆرتەكان كردووەو بەدواداچوونی بۆ كردوون؟

حەوتەم: بەپێی یاساكە دەستە نەیتوانیوە پەیكەری خۆی وەك پێویست دروست بكات بەهۆی قەیرانی داراییەوە، فەرمانبەرەكانی وەك پێویست بۆ دانەمەزراون و كەموكوڕیی هەیە، هەروەها بەپێی بڕگەی (یەكەم) ی مادەی (یازدەهەم) دەبوایە جێگرێك بۆ سەرۆكی دەستە دابمەزرێت، تا ئێستا ئەویش دانەمەزراوە.

هەشتەم: بەپێی مادەی (چواردەیەم) دەبوایە دەستە لەو بەرپرسانە بپێچێتەوە كە سامانیان بە بەدەستهێنانی ناڕەوا كۆكردۆتەوە، بەڵام لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێك نەنراوە.

نۆیەم: دەبوایە پەرلەمان بەدواداچوون بكات لە جێبەجێنەكردنی یاساكە و وەك پێویست هەڵنەسانی دەستە بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەر شانی، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسیەوە ئەوەش نەكراوە.

دەهەم: بۆشایی و كەلەبەر و كەموكوڕی لە یاسای دەستەدا هەیە، خودی دەستەش خۆیان ناڕازین لە یاساكە تەنانەت دوای هەمواركردنەوەشی كە كراوە، بەڵام پەرلەمان بەم ئەركەشی هەڵنەساوە.

ئەنجام

1-لاوازی پەرلەمانی كوردستان لە پرۆسەی چاودێری و بەدواداچووندا كاریگەریی نەرێنی و خراپی لەسەر دامودەزگاو دامەزراوە فەرمیەكانی تریش كردووە، بۆ نمونە وەك دەستەی دەسپاكی كە ئیش و كارەكانی وەك پێویست بەڕێوە ناچێت.

2-خودی پەرلەمان كە لایەنی یاسادانەر و چاودێریشە بەسەر جێبەجێكردنی یاساوە، كەچی خۆی پێشێلی یاسای دەستە سەربەخۆكانی كردووە.

3-دەستەی دەسپاكی یاساكەی پێویستی بە گۆڕین و هەمواركردنەوە هەیەو پرۆژەشیان ئامادەكردووە بەلام پەرلەمان هەنگاوی بۆ نەناوە.

4-چەند پۆستێك هەیە بەپێی یاسا بۆیان دەستنیشانكراوە بەلام پڕنەكراونەتەوە.

5- دەستەی دەسپاكی گرفتی كەمیی میلاكی فەرمانبەریان هەیەو پێویستە بۆیان دابمەزرێت.

6-لەبەر ئەوەی ماوەی یاسایی سەرۆكی دەستە بەسەر چووە شەرعیەتی یاسایی نەماوەو بەنایاسایی كارەكانی رایی دەكات. هەرچەندە بەڕێز سەرۆكی دەستە چەند جارێك و بەچەند نوسراوێك ئەم پرسەی خستۆتە بەردەم پسەرۆكایەتی پەرلەمان، بەلام پەرلەمان هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردن نەناوە.

7-دەستەی دەسپاكی بەپێی یاسا لەرووی داراییەوە سەربەخۆیە، بەڵام لە پراكتیكدا سەربەخۆیی دارایی نیە، چاوی لە دەستی وەزارەتی داراییە تا موچەیان پێبدات، یاخود بڕێكی كەم بودجەیان بۆ دیاری بكات.

8-دەستەی دەسپاكی بەحیساب لەرووی كارگێڕییەوە سەربەخۆیە، كەچی لەرووی پراكتیكییەوە ئەم سەربەخۆییە نابینرێت.

9-بەپێی ئەو واقیعەی لە كوردستاندا هەیەو پەرلەمانتاران و میدیاكان رۆژانە باسی لێوە دەكەن، زۆرترین كەیسی گەندەڵی و بەهەدەردان هەیە، بەلام دەستەی دەسپاكی تەنها بەدوای كەیسە بچوكەكانەوەیەو كەیسە گەورەكان پشتگێ خراون.

10-لەماوەی تەمەنی دەستەی دەسپاكیدا هیچ بەرپرسێكی باڵای نەداوە بە دادگا.

راسپاردەكان

1-لە زوترین كاتدا پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠١١ ی یاسای دەستەی گشتیی دەستپاكی، و یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی (٢٠١٤): یاسای هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی گشتیی دەسپاكیی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011 هەموار بكاتەوە.

2-دادگایەكی تایبەتمەند بە كەیسەكانی گەندەلی دروست بكرێت.

3-ژمارەی پێویستی لێكۆلەر بۆ دەستەی دەسپاكی دابین بكرێت و دەسەلاتی دامەزراندنیان بدرێت بە سەرۆكی دەستە.

4-پەرلەمانی كوردستان لە زوترین كاتدا سەرۆكێك بۆ دەستەكە هەلبژێرێتەوە.

5-پەرلەمان بە گشتی و لیژنەی تایبەتمەند بەتایبەتی چاودێری وردی ئیش و كارەكانی دەستەی گشتی دەسپاكی بكات و چاوپۆشی لە كەموكوڕییەكانی نەكات.

6-كەموكوڕییەكانی دەستەی دەسپاكی لە پڕكردنەوەی میلاكاتی پلە وەزیفیەكانیدا پڕ بكرێنەوەو پەیكەری كارگێڕی دەستە رێكبخرێتەوە بە رەچاوكردنی تواناو كوالیتی لەفەرمانبەران.

7-دەستەی دەسپاكی رێگریی لێ نەكرێت لە كەیسەكانی نەوت و وەبەرهێنان و سەرجەم بوارەكانی تردا بەدواداوون بكات.

8-بودجەی دەستەی دەسپاكی بە جیا و بەپێی پێویست دەستنیشان بكرێت تا بۆ رایی كردنی ئیش و كارەكانیان پەكیان نەكەوێت یا پەكیان نەخرێت.

9-ستراتیژییەتی دژەگەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە جێبەجێ بكرێت.

10-دامودەزگاكانی تر (لەهەرسێ دەسەڵاتەكە) هاوكاریی دەستەی دەسپاكی بكەن و هەماهەنگ بن لەگەڵیدا نەك رێگر و كەمتەرخەم.

11-پێویستە پەرلەمان بەدواداچوونی زیاتر بكات بۆ راپۆرتی شەش مانگی دەستەی دەسپاكی، بۆ ئەوەی هان بدرێن بۆ وردەكاری زیاتر لە راپۆرتەكان.

12-بەهێزكردن و داڕشتنەوەی بۆردی رێكخراوەكان لە دەستەی دەسپاكی.

13-بۆ هەمواری یاسای دەستە پێویستە كۆنفرانس و دیدار ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ناوەرۆكی هەموارەكە رەنگدانەوەی پێویستییەكان بێت.

14-راپۆرتی میدیایی و شەفافیەت زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی رای گشتی ئاگاداری كارەكانی دەستە بێت.

15-هەرێمی كوردستان خاوەنی یاسایەك بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نیە، تەنها ستراتیژیەتێكی راگەیەنراو هەیە، پێویستە ئەم یاسایە دەربكرێت.

16-پێویستە یاسای دەستەی دەسپاكی لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكان بگونجێت، بەتایبەتی رێكەوتنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، بەتایبەتیش ماددەی (36)ی رێككەوتنەكە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

ئازاری 2021



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button