دوای نزیکەی 7 مانگ بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ دەستگیرکرا

لڤین:
دوای نزیکەی 7 مانگ تێپەڕبوون بەسەر ئەنجامدانی تاوانەکەدا بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ کە باوکیانە دەستگیرکرا.
ڕۆژی 8-9-2020 تەرمی دوو خوشك بە ناوەكانی هێلین و ئاوارە لە گوندی ئیراهیم ئاغا لە سنوری شارۆچكەی چەمچەماڵ لە ناو یەك گۆڕدا دۆزرایەوە، دواتر پۆلیس ئاشکرایکرد کە ئەو دوو خوشکە لە لایەن باوکیانەوە کوژراون.
دوای نزیکەی 7 مانگ تێپەڕبوون بەسەر ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد کە لەژێر فشاری هێزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ، بكوژی ئەو دوو خوشكە كە باوكیان خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس کردووە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس:
بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد
لەژێر فشاری هێزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ، بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ كە باوكی دوو كچەكەیە، خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.
دوای ئەوەی لەسەرەتای مانگی ئەیلولی 2020، دوو خوشك لەقەزای چەمچەماڵ كوژران، بەتۆمەتی كوشتنی كچەكان دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ باوكی كچەكان دەركرد، بەڵام تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، هێزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ بەردەوامبوون لەلێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبار، سەرئەنجام لەژێر فشاری هێزەكانی پۆلیسدا باوكی دوو خوشكەكە خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.
تۆمەتبار (ف، ح، ش) لەبەردەم بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو لەئێستادا بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.