پارێزگاری هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین روونکردنەوە دەدات

لڤین: زانکۆسەردار
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رەتیدەکاتەوە بەنزین گران ببێت و دەڵێت، ڕێژەیەکی زۆری بەنزینی خەزنکراو لەعەمبارەکانی شاری هەولێر هەیە.
نوسینگەی پارێزگاری هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: چەند بەنزینخانەیەک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و ڕەچاونەکردنی بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتییان بەبیانووی نەبوون و نەهاتنی بەنزین نرخی بەنزینیان بەرزکردۆتەوە.
ئەوشی راگەیاندووە “هاوڵاتییان و شوفێرانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنیابکەینەوە کە ڕێژەیەکی زۆری بەنزینی خەزنکراو لەعەمبارەکانی شاری هەولێر هەیە و هەموو ئەوەی دەگوترێت دوورە لەڕاستییەوە”.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی روونکردەوە “ئەگەرچی نرخی بەنزین پەیوەستە بەنرخی نەوتی خاو و نرخی نەوەتیش نرخێکی جیهانییە ، لەگەڵ ئەوەدا وەکو پارێزگای هەولێر لەڕێگەی لێژنەی باڵای چاودێری سوتەمەنیەوە لە ڕووی کوالیتی و نرخەوە بەدواداچوون و رێکاری یاسایی دەگرینە بەر بۆ رێگری کردن لە هەر بەنزینخانەیەک و کۆمپانیایەک کە بیەوێت بە بیانوی نەبوونی بەنزین نرخی بەنزین بەرزبکاتەوە.